ئیمارات: درۆنەكانی وێستگەی بەراكەیان كردە ئامانج لە عێراقەوە هەڵدرابوون

:: PM:05:55:19/05/2026 ‌

وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رای گەیاند كە لە ماوەی 48 سەعاتی رابردوو شەش درۆنیان تێكشكاندووە، كە چەند ناوچەیەكی گرنك و مەدەنیان كردووەتە ئامانج، دووپاتی كردەوە، درۆنەكانی وێستگەی بەراكەی ئەتۆمیان كردووەتە ئامانج لە عێراقەوە هەڵدراون.

ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی ئیماراتی "وام" لە بەیاننامەی وەزارەتەكەی گواستەوە، هێزەكانی بەرگریی ئاسمانی توانیان بەرپەرچی چەند ئامانجێكی ئاسمانیی دوژمن بدەنەوە، بێ كەوتنەوەی زیانی گیانی و دروستبوونی هەڕەشە لەسەر سەلامەتیی دامەزراوەكانی هێرشیان كراوەتە سەر، كاتێك لە ماوەی 48 سەعاتی رابردوو شەش درۆنیان تێكشكاندووە، كە چەند ناوچەیەكی گرنك و مەدەنیان كردووەتە ئامانج.

زیاتر گوتی، ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە هێرشەكەی 17ی ئەم مانگەی سەر وێستگەی ئەتۆمیی بەراكە دەری دەخات كە سێ درۆنە هێرشبەرەكە، كە دجووانیان تێكشكێنران و سێیەم بەر موەلیدەی كارەبای وێستگەكە كەوت، هەروەها ئەو درۆنانەی دوای ئەوە بەرپەرچ دراونەتەوە، هەر هەمووی لە خاكی عێراقەوە هەڵدراون.

لای خۆیەوە سەرچاوەیەكی سەربازیی ئێرانی رەتی كردەوە كە وڵاتەكەی دەستی لە هێرشەكانی دوایی سەر ئیمارات هەبووبێت، ئەو ئیسرائیلی بە ئەنجامدانی تۆمەتبار كرد بۆ پاڵنانی وڵاتانی كەنداو، بەتایبەتی ئیمارات، بۆ بینینی رۆڵێكی نەرێنی بەرانبەر بە ئێران، ئاماژەی كرد كە لە سێ مانگی دوایی ئیمارات جموجۆڵی دوژمنكارانەی بەرانبەر بە ئێران هەبووە، ئێستەش دەبێت لەوە تێبگات كە دۆستایەتیی ئیسرائیل ئاسایش و گەشەسەندنی ئابووری بۆ فەراهەم ناكات و زیان بە ئاسایش و ئابووری و ناوبانگی دەگات، بۆیە پێویستە چاو بە سیاسەتەكانی بخشێنێتەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل