شیعە بۆ پاراستنی چوارچێوەكەیان لە لێكترازان كۆ دەبنەوە

:: PM:06:48:19/05/2026 ‌

لە ماوەی رابردوو ناو ماڵی شیعە دابەشبوونێكی گەورەی بەهۆی ململانێ لەسەر پۆستەكانی حكوومەتی نوێی عێراقی بەخۆیەوە بینی، لە دانیشتنی متمانەدان بە كابینەی نوێی حكوومەتی عەلی زەیدی بە ئاشكرا مانەوەی ناكۆكییەكان لە دەنگنەدان بە هەندێك لە كاندیدی وەزارتەكان دەركەوت، ئەندامێكی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت، بڕیارە چوارچێوەكە دوای جەژن كۆبوونەوەیەكی گرنگ ساز بكات.

عەبدولسەمەد زەرگووشی ئەندامی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دووپاتی كردەوە كە رێككەوتنێك لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی كراوە بۆ سازكردنی كۆبوونەوەیەكی گرنگ و یەكلاكەرەوە لە دوای پشووەكانی جەژنی قوربان، دووپاتی كردەوە كە هیچ بەرژەوەندییەك لە لێكهەڵوەشانەوەی چوارچێوەكە و چوونەدەرەوە لێوەی نییە.

ئاماژەی كرد، لە كۆبوونەوەكانی 48 سەعاتی رابردووی نوێنەرانی هەندێك لە هێزەكانی چوارچێوە رێككەوتن لەسەر سازكردنی كۆبوونەوەیەك بۆ سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە دوای پشووەكانی جەژنی قوربان كراوە، كۆبوونەوەكە سەرنج دەخاتە سەر سێ خاڵی گرنگ و پێویست، ئەوانیش تەواوكردنی كابینەی حكوومەتی عەلی زەیدی و پاڵپشتیكردنی پڕكردنەوەی پۆستە بەتاڵەكان و باسكردنی ئەنجامی دانیشتنی دەنگدان لەسەر حكوومەتی نوێ و هۆكاری تێنەپەڕاندنی هەندێك لە پۆستەكان، بەتایبەتی وەزارەتی ناوخۆ.

زەرگووشی دووپاتی كردەوە، هەموو لایەنەكان كۆكن لەسەر ئەوەی هیچ بەرژەوەندییەك لە چوونەدەرەوە یان لێكهەڵوەشانەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی نییە و چوارچێوەكە وەك پاڵپشتییەكی سەرەكیی سەقامگیریی سیاسیی وڵاتە، جیا لەوەی گەورەترین بارستەی پەرلەمانە، كۆبوونەوەی داهاتووی چوارچێوە كار بۆ دروستبوونی لێكگەیشتن لەبارەی دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان و سەرخستنی دەكات.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل