یەكشەمی رابردوو موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی نیشتمانیی شیعە پێوەندییەكی تەلەفۆنی بە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد و پیرۆزبایی وەرگرتنی متمانە و دەستبەكاربوونی حكوومەتەكەی لێ كرد، شرۆڤەكارێكی سیاسی ئەو پێوەندییە بە هەنگاوێك بەرەو شكاندنی چەقبەستوویی سیاسی و ئەگەری گەڕانەوەی سەدر بۆ گۆڕەپانی سیاسی دادەنێت.
رافد عەتوانی شرۆڤەكاری سیاسیی نزیك لە رەوتی سەدر گوتی، پێوەندییە تەلەفۆنییەكەی زەیدی و سەدر لە دوای چوار ساڵ لە دابڕانی سەدر لە گۆڕەپانی سیاسی، پاڵپشتییەكی مەرجداری بۆ زەیدی تیادایە، سەدر ناراستەوخۆ نەخشەرێگەیەكی بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق كێشاوە و پێویستە زەیدی گەرەنتی و ئاماژەی روون پێشكەش بكات، ئەگەر بیەوێ رێگە بۆ گەڕانەوەی رەوتی سەدر بۆ پرۆسەی سیاسی خۆش بكات.
زیاتر گوتی، ئێستە بەهۆی پێكهێنانی حكوومەتەوە چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە دۆخێكی لێكترازاندایە، ئەوەش وا دەكات هەندێك لە هێزەكانی چوارچێوەكە پێشوازی لە گەڕانەوەی سەدر بكەن، بەتایبەتی سەركردە سیاسییە كۆنەكان كە بە قورسایی سیاسی و جەماوەریی سەدر لە قۆناغی داهاتوو دەزانن، هاوكات سەدر ناتوێت وەك سەیركار بەرانبەر بە گوشارە دەرەكییەكان بوەستێت و نایەوێ عێراق بەرەو پشێوی و رووخانی دەوڵەت هەنگاو بنێت.
عەتوانی دووپاتی كردەوە كە رەنگە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و ململانێكانی، هۆكارێكی تری ئەوە بێت سەدر بوونی سیاسیی خۆی دووپات بكاتەوە، چونكە ئەو نایەوێ گەلی عێراق بارمتەی پشێوی و حكوومەتە گەندەڵەكان بمێنێتەوە، ئەگەر سەدر بگەڕێتەوە، دەبێتە هەوڵێك بۆ سووككردنی مەترسییەكانی سەر عێراق و رێگرتن لە رووچوونی بۆ ناو سیناریۆ مەترسیدارەكان، بۆیە رەنگە سەر هەستی بە بوونی هەڕەشەیەكی راستەقینە لەسەر پرۆسەی سیاسی و سەقامگیری وڵات كردبێت، ئەوەش وای كردووە دووبارە پێوەندی بە كایەی سیاسی بكاتەوە.