وەزارەتی دارایی: دیاریکردنی داهاتی نانەوتیی مانگی ئایار پەیوەستە بە کۆتایی مانگەوە

:: PM:09:05:20/05/2026 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم 20ی ئایاری 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند کە لیستی مووچەی مانگی ئایار و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە ڕەوانەی بەغدا دەکرێت.

لە ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریدا هاتووە، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەم 20ی ئایاری 2026، لیستی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی نیسان، لەلایەن تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە ڕەوانەی بەغدا دەکرێت.

هەروەها ئاماژەی بەوەش داوە کە سبەی پێنجشەم 21ی ئایار، ئەو لیست و ڕاپۆرتانە ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی داراییی حكوومەتی فیدراڵ دەکرێن.

سەبارەت بە داهاتی نانەوتی، وەزارەتی دارایی ڕوونی کردووەتەوە کە دیاریکردنی داهاتی نانەوتی بۆ مانگی ئایار و ناردنی بۆ وەزارەتی داراییی حكوومەتی فیدراڵ، لە ڕووی ژمێریارییەوە پەیوەستە بە ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەوە. بۆیە تا کۆتایی مانگی ئایار و ناردنی سەرجەم داتاکان لە یەکە ژمێریارییەکانەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری، بڕی داهاتی مانگی ئایار و پشکی حكوومەتی فیدراڵ لێی، بەدەر ناکەوێت و دیاری ناکرێت.


وشە - پۆڵا مەحموود