هیجری: جیابوونەوە لە سووریا مایەی پاشەكشە نییە

:: PM:06:15:21/05/2026 ‌

بەهۆی پاڵپشتیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئیسرائیل لێیان، تا ئێستە هەڵوێستی درووزەكانی سوێدا سەبارەت بە حكوومەتی سووریا و ملكەچییان بۆ یاسا و بڕیارەكانی پێداگری تیادایە و ئەوان سوورن لەسەر خۆبەڕێوەبردن تا ئاستی جیابوونەوە، شێخ حیكمەت هیجری سەركرەیەكی درووزەكان دووپاتی كردەوە، پێكهێنانی خۆبەڕێوەبەری لە بەرزاییەكانی بشان پاشەكشەی تیادا نییە. 

هیجری لە لێدوانێكی تەلەڤزیۆنی دووپاتی كردەوە كە داواكاریی درووزەكان مایەی گفتوگۆكردن نییە و بە هەنگاوێكی جێگیر بەرەو جێبەجێكردنی مافی چارەی خۆنووسین دەچن، دوور لە باڵادەستیی ئەو گرووپانەی دۆخەكەی دەری خست كە ئەستەمە لەگەڵیان ژیان بكرێت، بۆیە هیچ سەركردایەتی و فەرمانڕەوایەتیی لەسەر بەرزاییەكانی باشان نییە تەنیا ئەوە نەبێت كە خەڵكەكەی دیاری دەكەن. 

هیجری سوپاسی دەوڵەت و رێكخراوە پاڵپشتەكانی بۆ دۆزی درووزەكان كرد، بەتایبەتی حكوومەت و گەلی ئیسرائیل، دووپاتی لە رەتكردنەوەی دەستوەردانی دەرەكی لە كاروباری درووزەكان كردەوە بەوەی دەسەڵاتیان بەسەر درووزەكان نییە و ئەوان مافەكانی خۆیان وەردەگرن و بە كاروباری خۆیان و بەڕێوەبردنی ناوچەكانیان پێوەندیدارن و هێزە خۆسەپێنەرەكان، ناتوانن بە زۆر و بەلاڕیدابردن باڵادەستیی خۆیان  بسەپێنن.

هیجری حكوومەتی ئێستەی سووریای بە تیرۆریست وەسف كرد و داوای دادگاییكردنی بەهۆی پێشێلكاری و تاوانكارییەكانی بەپێی یاسای نێودەوڵەتی كرد و ئاماژەی كرد كە مەبەستی سەرەكی ناچاركردنی پێشێلكارانە، بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی 2025 بە ئازادكردنی رفێنراوەكان و ئاشكراكردنی چارەنووسی ونكراوەكان و دەستهەڵگرتن لە ناوچە داگیركراوەكانی درووز لە سووریا.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل