ئەمڕۆ پێنجشەم 21ی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی بەم شێوەیە بێت یان بە شێوەیەکی تر، ئەوەی دەیەوێت لە ئێران بەدەستی دەهێنێت، هاوکات دووپاتی کردەوە کە تاران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە کۆشکی سپی ڕای گەیاند، سەبارەت بە ئێران ئێمە لە کاتی ئێستەدا لە دانوستانداین، دەبینین دۆخەکە بەرەو کوێ دەچێت، بەڵام ئێمە بەم شێوەیە بێت یان بە شێوەیەکی تر، ئەوەی دەمانەوێت بەدەستی دەهێنین.
هەروەها گوتی، ئەوان (ئێران) نابنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ناتوانین ڕێگە بە ئێران بدەین ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی؛ بابەتەکە هەر ئەوەندەیە. ناتوانین ڕێگە بەوە بدەین. ئەگەر ئەوە ڕوو بدات، جەنگێکی ئەتۆمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵدەگیرسێت، دواتریش ئاگری جەنگەکە دەگاتە ئێرە لای ئێمە، و ئەو جەنگە فراوان دەبێت بۆ ئەوەی بگاتە ئەوروپاش.
پێشتر لەمڕۆدا، مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕای گەیاند کە بەرپرسانی پاکستان ئەمشەو گەشت بۆ ئێران دەکەن، کە مەبەستی لە عاسم مونیر فەرماندەی سوپای پاکستان بوو، دووپاتیشی کردەوە کە هەندێک پێشکەوتن لە دانوستانەکاندا بەدەست هاتووە و "ئاماژەی باشیش" هەن.
لەلایەکی ترەوە، بەپێی ئەوەی ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی ئێرانییەوە گواستوویەتیەوە، موچتەبا خامنەیی ڕێبەری ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەم ڕێنمایی داوە کە ئەو یۆرانیۆمەی نیمچە بەکارهاتووە لە چەکەکاندا بۆ دەرەوەی ئێران نەنێردرێت.
هەروەها ئەمڕۆ پێنجشەم، ئێران ڕای گەیاند کە لێکۆڵینەوە لە نوێترین دیدگەی ئەمەریکا دەکەن کە ناردوویەتی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، ئەوەش دوای ئەوەی ترەمپ ئاماژەی بە ئامادەییی واشنتن دا بۆ چاوەڕێکردنی چەند ڕۆژێک بۆ "وەرگرتنی وەڵامی گونجاو" لە تاران، بەڵام لە هەمان کاتدا هۆشداریی دا لە ئەنجامدانی هێرشی نوێ ئەگەر تاران بە گەییشتن بە ڕێککەوتن ڕازی نەبێت.