ئەمەریکا سزای نوێ بەسەر نۆ کەسایەتیدا دەسەپێنێت بە تۆمەتی هاوکاریکردنی حزبوڵا

:: PM:09:17:21/05/2026 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم 21ی ئایاری 2026، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سەپاندنی سزای نوێی بەسەر نۆ کەسایەتیدا ڕاگەیاند، بە تۆمەتی ئاسانکاریکردن بۆ چالاکییەکانی حزبوڵا و تێکدانی سەروەریی لبنان.

پاکێجی سزاکان پەرلەمانتارانی لبنانی، محەمەد ڕەزا ڕەئووف شەيبانی باڵیۆزی ئێران لە بەیرووت و بەرپرسانی تەناهیی لبنانیی گرتووەتەوە. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە داوە کە ئەو کەسانە، پۆستەکانیان بۆ پشتگیریکردنی حزبوڵا و ڕێگریکردن لە هەوڵەکانی چەککردنی ئەو لایەنە بەکار هێناوە.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕای گەیاند کە ئەو کەسانەی سزادراون، خزمەت بە ئەجێندای خراپەکاریی تاران دەکەن و ڕێگری لە ڕێڕەوی ئاشتی و بووژانەوەی گەلی لبنان دەکەن.

هاوکات لەگەڵ ئەو ڕێکارانە، بەرنامەی پاداشت بۆ دادپەروەریی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، پاداشتێکی داراییی دیاری کردووە کە دەگاتە 10 ملیۆن دۆلار، لە بەرانبەر هەر زانیارییەک کە ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی تۆڕ و میکانیزمە داراییەکانی سەر بە حزبوڵا.

واشنتن هۆشدارییەکی توندی دا بەوەی کە ئەم هەنگاوە "تەنیا سەرەتایە"، و هەڕەشەی لێپرسینەوەی لە هەر کەسێک کرد کە بەردەوام بێت لە دابینکردنی پەردەپۆشی بۆ حزبوڵا، یان هاوکاریی بکات و سەروەریی لبنان بخاتە مەترسییەوە.

لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا جەخت لەوە کراوەتەوە کە، سەقامگیری، ئاسایش و سەربەخۆییی لبنان، پێویستی بە چەککردنی تەواوەتیی حزبوڵا و گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی قۆرخکراو و ڕەهای حكوومەتی لبنان هەیە بەسەر دۆسیەی تەناهیی تەواوی وڵاتەکەدا.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا دووپات لە پابەندبوونی ئەمەریکا بۆ پشتگیریکردنی گەلی لبنان و دامەزراوە شەرعییەکانی کراوەتەوە، بە مەبەستی بنیاتنانی داهاتوویەکی سەلامەتتر و ئاوەدانتر.


وشە - پۆڵا مەحموود