میلیشیاكان هەڕەشە لە پێوەندییەكانی دەرەوەی عێراق دەكەن

:: PM:09:22:21/05/2026 ‌

تەنیا هەفتەیەكە حكوومەتی عەلی زەیدی متمانەی پێ دراوە، ئەو رووبەڕووی هەوڵی میشلیشیاكان بۆ تێكدانی پێوەندییەكانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و كەنداو بووەتەوە، بەتایبەتی دوای هێرشە درۆنییەكانی دوایی سەر سعوودیە و ئیمارات و ئوردن، كە هەموویان لە خاكی عێراقەوە كراون، ئەوان چەند مەبەستێكیان هەیە لەپێشەوە گوشارخستنە سەر حكوومەتی زەیدی بۆ رێگرتن لە دەستبردن بۆ حەشدی شەعبی و جێبەجێنەكردنی داواكارییەكانی واشنتن و دوورنەخستنەوەیان لە حكوومەتی نوێ.

پەرلەمانتارێكی عێراق دەڵێت، ئێستە پێوەندییە دەرەكییەكانی عێراق لەگەڵ زۆرینەی وڵاتانی دراوسێ، بە ئێرانەوە باش نییە، گوشارەكانی ئەمەریكا لەسەر عێراق سەبارەت بە ئێران و هەڵسوكەوتی میلیشیاكان بەرانبەر بە وڵاتانی عەرەبی گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار، پێشبینی كرد كە حكوومەتی زەیدی رووبەڕووی ئاڵنگاری گەورە لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی پێوەندییە دەرەكییەكانی عێراق ببێتەوە، چونكە میلیشیاكان خۆیان بەسەر پێوەندییەكانی عێراق لەگەڵ كەنداو و دەوروبەری عەرەبیدا سەپاندووە. 

زیاتر گوتی، زۆرینەی وڵاتانی ناوچەكە داوا لە عێراق دەكەن نەبێتە بەشێك و گۆڕەپانێك سەرچاوەیەك بۆ هێرشەكان بۆ سەر وڵاتانی ناوچەكە، لەوانە كوێت و سعوودیە و ئیمارات و ئوردن و سووریە و بەحرێن، هەر هەموویان پێوەندییان بە عێراقەوە كردووە و پەیامێكی ئەرێنیان گەیاندووەتە بەغدا، بەوەی خوازیاری بوونی پێوەندی باشن لەگەڵ عێراق، بەو مەرجەی رێگە بە بەكارهێنانی خاكی عێراق بۆ هێرشكردنە سەر ئاسایشی ئەوان نەدرێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل