ئەمڕۆ پێنجشەم 21ی ئایاری 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕاستیی ئەو ڕاپۆرتە میدیاییە نێودەوڵەتییانەی سەبارەت بە دۆسیەی یۆرانیۆمی پیتێنراو بڵاو کراونەتەوە ڕەت کردەوە و دووپاتی کردەوە کە ئەو بانگەشانە هیچ بنەمایەکیان نییە.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران "ئێرنا"، ئیسماعیل بەقائی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕوونی کردەوە کە ئەو دەنگۆیانەی باس لە دەرکردنی ڕێنوێنییەک لەلایەن موجتەبا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێرانەوە دەکەن بۆ ڕێگریکردن لە گواستنەوەی یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو بۆ دەرەوەی وڵات، "ناڕاستن". هەروەها ڕای گەیاند کە وڵاتەکەی پشتڕاستی هیچ کام لەو پێشبینییانە ناکاتەوە کە لەبارەی ڕێڕەوی گفتوگۆکانی ئێستە، بەتایبەتی دۆسیەی ئەتۆمی و ئاستی پیتاندن دەکرێن.
بەقائی ئاماژەی بەوە دا کە ئەوەی لە میدیاکاندا سەبارەت بە وردەکاریی دانوستانەکان بڵاو دەکرێتەوە، تەنیا دەنگۆی میدیایین و دوورن لە ڕاستییەوە، و دووپاتی کردەوە کە زانیارییە دروستەکان تەنیا لە ڕێگەی کەناڵە فەرمییەکان و گوتەبێژە باوەڕپێکراوەکانەوە ڕادەگەیەنرێن. هەروەها باسی لەوە کرد کە تیشکخستنە سەر دانوستانەکانی ئێستە تەنیا لەپێناو کۆتاییهێنان بە جەنگە لە سەرجەم بەرەکاندا، لەوانەش لبنان، بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر لەسەر ڕێڕەوی گفتوگۆکان بخاتە ڕوو.
پێشتر ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانییەوە بڵاوی کردبووەوە کە موجتەبا خامنەیی بڕیاری داوە یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو بۆ دەرەوەی وڵات نەگوازرێتەوە.
لەلایەکی ترەوە، پێشتر لەمڕۆدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتی کردبووەوە کە وڵاتەکەی بەو شێوەیە بێت یان بە شێوەیەکی تر ئەوەی دەیەوێت لە ئێران دەستی دەکەوێت، و جەختیشی کردەوە کە تاران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
هەروەها مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕای گەیاند کە بەرپرسانی پاکستانی ئەمشەو گەشت دەکەن بۆ ئێران، کە ئاماژەیە بۆ عاسم مونیر فەرماندەی سوپای پاکستان، و دووپاتیشی کردەوە کە "بڕێک پێشکەوتن" لە دانوستانەکاندا بەدی هاتووە و "ئاماژەی باش"یش هەن.
لەلای خۆیەوە ئێران ئەمڕۆ پێنجشەم ڕای گەیاند کە خەریکی لێکۆڵینەوەیە لە نوێترین تێڕوانینی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ترەمپ ئاماژەی بە ئامادەییی واشنتن دا بۆ چاوەڕوانیکردنی چەند ڕۆژێک بۆ "وەرگرتنی وەڵامی گونجاو" لە تاران، بەڵام هاوکات هۆشداریشی دا کە ئەگەر نەگەنە ڕێککەوتن، هێرشی نوێ دەست پێ دەکات.