ئەمڕۆ هەینی 22ی ئایاری 2026، ڕۆژنامەی "شەرقلئەوسەت" لە زاری بەرپرسانی عێراقەوە ئاشکرای کرد کە ئەمەریکا پلانێکی قۆناغبەندیی بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق داڕشتووە.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، پلانەکەی ئەمەریکا سەرەتا بە داماڵینی چەکی قورس، دوورخستنەوەی سەرکردەکانی گرووپەکان و دانانی ئەفسەرانی پیشەیی بۆ سەرپەرشتیکردنی ژێرخانی دەستەکە دەست پێ دەکات.
ئاشکراکردنی ناوەڕۆکی ئەم پلانە لەلایەن ئەو بەرپرسانەی بەشدارن لە گفتوگۆ تەکنیکی و سیاسییەکان سەبارەت بە داهاتووی حەشدی شەعبی، هاوکات بووە لەگەڵ سەردانەکەی هەفتەی ڕابردووی ژەنەراڵی خانەنشینکراوی ئەمەریکایی دەیڤد پەترایۆس بۆ بەغدا، کە وەک "شارەزایەکی سەربەخۆ" کار لەسەر پلانی جێبەجێکردنی داماڵینی چەک لە عێراق دەکات.
ڕۆژنامەکە باسی لەوەش کردووە کە پەترایۆس پێنج ڕۆژی لە بەغدا بەسەر بردووە و لەو ماوەیەدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆ بووەتەوە، و چارەنووسی چەکدارانی حەشدی شەعبیش لە چەقی گفتوگۆ ڕژدەکاندا بووە.
لە بەرانبەر ئەم پلانەی ئەمەریکادا، کۆماری ئیسلامیی ئێران داوای لە گرووپە هاوپەیمانەکانی لە بەغدا کردووە کە دژی ئەو هەنگاوەی واشنتن بوەستنەوە، کە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی گەورەترین هێزی سەربازییە کە گەرەنتیی بەرژەوەندییەکانی تاران دەکات لە ناوچەکەدا.