وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا: وەرگرتنی ڕسوومات لە گەرووی هورمز قبووڵکراو نییە

:: AM:11:39:22/05/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی 22ی ئایاری 2026، مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، دووپاتی لە هەڵوێستی وڵاتەکەی کردەوە بۆ ڕەتکردنەوەی سەپاندنی ڕسوومات بەسەر تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، هاوکات ئاماژەی بە بەدەستهێنانی پێشکەوتنی ڕێژەیی لە دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران دا.

ڕوبیۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، سەپاندنی ڕسوومات لەلایەن ئێرانەوە بۆ تێپەڕبوون بە گەرووی هورمزدا، جۆرێکە لە ئیستغلالکردن کە هیچ وڵاتێک قبووڵی ناکات، و گوتیشی، پێم وا نییە هیچ وڵاتێک قبووڵی بێت پارە بدات لە بەرانبەر تێپەڕبووندا.

هەروەها دووپاتی لەسەر پێویستیی مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە کردەوە و ڕای گەیاند، ئەمە بابەتێکە کە بە هیچ شێوەیەک نابێت قبووڵ بکرێت.

سەرەڕای ئەو ڕەخنانە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش دا کە، بڕێک پێشکەوتن لەسەر ئاستی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بەدی هاتووە.


وشە - پۆڵا مەحموود