ئەمڕۆ هاوكات لەگەڵ هەوڵەكانی پاكستان بۆ رێگرتن لە دروستبوونەوەی شەڕی ئێران، سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە لەگەڵ گەورە راوێژكارانی لە كۆشكی سپی لەبارەی ئێران كۆ دەبێتەوە و قسەش لەگەڵ سەركردەوی چەند وڵاتێكی ناوچەكە هەر سەبارەت بە ئێران دەكات، ماڵپەڕێكی ئەمەریكی دووپاتی كردەوە كە سەركردەی شەش وڵات هانی ترەمپیان بۆ رێككەوتن لەگەڵ ئێران داوە.
ماڵپەڕی
"ئاكسیۆس"ی ئەمەریكی ئاماژەی كرد كە ئەمڕۆ شەموو سەركردەكانی سعوودیە و قەتەر و ئیمارات و توركیا و میسر و پاكستان هانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكایان داوە بۆ رێككەوتن لەگەڵ ئێران، بەڵام تا ئێستە سەرۆكی ئەمەریكا بڕیاری كۆتایی لەبارەی رێككەوتنەكە نەداوە.
پێشتر ئاژانسی "رۆیتەرز"ی ئەمەریكی ئاماژەی كرد، بڕیارە ئەمشەو سەرۆكی ئەمەریكا بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ سەركردەكانی سعوودیە و قەتەر و ئیمارات و میسر و توركیا و پاكستان بكات، چەند میدیایەكی رۆژئاواییش ئاماژەیان كرد كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رووی لە كۆشكی سپی كردووە بۆ سازكردنی پێوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ سەركردەی چەند وڵاتێك لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
رۆژنامەی "واشنتن تایمز"ی ئەمەریكی ئاماژە دەكات كە دوای گەیشتنی گەورە دانوستانكارانی ئەمەریكا و ئێران بۆ رێككەوتن لەسەر رەشنووسی رێككەوتنێكی نوێ ئەمڕۆ شەموو، بڕیارە ئەوان لە ماوەی 24 سەعات رێككەوتنی كۆتایی رابگەیەنن، ئەوە لە حاڵەتی رەزامەندیی كۆتایی سەركردایەتیی هەردوو وڵات.
وەك رۆژنامەكە گوتی، گەورە دانوستانكارانی هەردوو وڵات لەسەر رەشنووسی رێككەوتنی نوێ لە نێوانیان رازی بوونە، بەر لە رەوانەكردنی بۆ سەرۆكی ئەمەریكا و سەركردایەتیی ئێران بۆ رەزامەندیدان، لە هەنگاوێك رێگە بۆ كۆتاهێنان بە شەڕ و دەست پێكردنی دانوستانەكان خۆش دەكات.