دوای چەند سەعاتێك لە دانیشتنی 14ی ئەم مانگەی پەرلەمان، كە تیایدا حكوومەتی نوێی عێراق تێپەڕ كرا، هاوپەیمانی ئیعمار و تەنمییەی محەمەد شیاع سوودانی ترازانێكی گەورەی تێ كەوت، لە كۆی 51 كورسی پەرلەمانی، نزیكەی 30 كورسی مایەوە، بارستەكانی فالح فەیاز و ئەحمەد ئەسەدی و ژمارەیەك پەرلەمانتاری تر لێی جیا بوونەوە، شرۆڤەكارێك پێی وایە ئەو جیابوونەوانە بەهۆی نەبوونی پڕۆژەیەكی سیاسییە.
عیسام فەیلی شرۆڤەكاری سیاسی پێی وایە ئەوەی لەناو هاوپەیمانی ئیعمار و تەنمییە رووی دا، جیا نییە لە سروشتی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، كە لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای رووبەڕووبوونەوەی نەیارەكانی دروست بوو زیاتر لەوەی پڕۆژەیەكی یەكگرتووی سیاسی بێت، بۆیە ئەو ناكۆكییەی ئێستە لەناو ماڵی شیعە هەیە بەرجەستەی ناكۆكیی كۆنی هێزە شیعییە فەرمانڕەوەكان دەكات.
روونی كردەوە، ئەو لێكترازانەی هەیە نزیكە لەوەی سروشتی بێت، چونكە چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە سەرەتای دروستبوونی لەسەر بنەمای قەناعەتێكی تەواوی سیاسی یان پڕۆژەیەكی روونی سیاسی بنیات نەنراوە بەقەدەر بوونی وەك قەوارەیەك دۆخی ململانێ لەگەڵ رەوتی سەدر و ترس لە سەركەوتنی پڕۆژەی موقتەدا سەدر ئەوكات دروستی كرد و سەپاندی.
فەیلی دووپاتی كردەوە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەویش بەدەست ململانێی نەوەكانەوە دەناڵێنێت، لە نێوان هەڵۆكانی چوارچێوە و نەوەیەكی نوێ كە هەوڵی داڕشتنەوەی هاوسەنگیی هێز لەناو ماڵی شیعە دەدات، ئێستە هەندێك لایەن دەركەوتوون تەنیا بەوە ناوەستن خۆیان وەك شوێنگرەوەی هێزە كۆنەكان پێشكەش بكەن، بەڵكو هەوڵی دوورخستنەوەی سەركرە دێرینەكانی چوارچێوەكە دەدەن، ئەوەش سەنگەرگرتنی نوێی دروست كردووە كە كەسایەتی وەك نووری مالیكی و هادی عامری و هومان حەموودی لەخۆ گرتووە.