تیشکی خۆر بەتەواوی لەسەر کەعبەی پیرۆز ستوون دەبێت و سێبەر نامێنێت

:: PM:08:28:25/05/2026 ‌
ئەمڕۆ دووشەم 25ی ئایاری 2026، ئاژانسەکان بڵاویان کردەوە کە ڕۆژی چوارشەمی داهاتوو، کە دەکاتە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز، شاری مەککە گەواهیدەری دیاردەیەکی فەلەکیی دەگمەن دەبێت، ئەویش ستوونبوونی تیشکی خۆرە لەسەر کەعبەی پیرۆز لە کاتی بانگی نیوەڕۆدا. لەو ساتەدا، خۆر دەکەوێتە ناوەڕاستی ئاسمان و سێبەری تەنەکان لە مەککە بەتەواوی نامێنێت.

ئەم دیاردەیە بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیی مەککەوەیە کە دەکەوێتە نێوان هێڵی کەمەرەیی و خولگەی قڕژاڵەوە. بە درێژایی ساڵ، خۆر لە کاتی جووڵە ڕواڵەتییەکەیدا لە نێوان خولگەی قڕژاڵ و خولگەی کارژکدا، دوو جار بەسەر مەککەدا تێدەپەڕێت. جاری یەکەم لە 27ی ئایار کاتێک خۆر بەرەو باکوور دەچێت، و جاری دووەمیش لە 16ی تەمووز لە کاتی گەڕانەوەیدا بەرەو باشوور.

ئەم دیاردەیە دەرفەتێکی نایاب بە موسڵمانانی سەرتاسەری جیهان دەدات بۆ دیاریکردنی ئاراستەی قیبلە بەوپەڕی وردییەوە. لەو ساتەی کە خۆر لەسەر کەعبە ستوون دەبێت، هەر کەسێک لە هەر شوێنێکی جیهان کە خۆر لێی دەرکەوتووە شیشێک یان ستوونێک بە ستوونی لەسەر زەوی دابنێت، ئەوا ئاراستەی پێچەوانەی سێبەری ستوونەکە، ڕێک ئاراستەی ڕاستەقینەی قیبلەیە.

هاوکاتبوونی ئەم دیاردە گەردوونییە لەگەڵ یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانی ئەمساڵدا، ڕووداوێکی زۆر دەگمەنە و تا ساڵی 2091 بەم وردییە کاتییە دووبارە نابێتەوە. هۆکاری ئەمەش بۆ جیاوازیی نێوان ڕۆژژمێری خۆری و مانگی دەگەڕێتەوە، کە ساڵی کۆچی پێویستی بە 33 ساڵە بۆ ئەوەی لەگەڵ وەرزەکانی خۆردا یەک بگرێتەوە، بەڵام بەهۆی جیاوازییە وردەکانی حیساباتی فەلەکییەوە، ئەم هاوکاتبوونە تەواوەی ستوونبوونی خۆر لەگەڵ یەکەم ڕۆژی جەژندا تەنیا دوای چەندان دەیە دووبارە دەبێتەوە.


وشە - پۆڵا مەحموود