ئەمڕۆ دووشەم 25ی ئایاری 2026، ئاژانسی ڕۆیتەرز وردەکاریی گفتوگۆ سەرەتاییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێرانی ئاشکرا کرد سەبارەت بە کردنەوەی گەرووی هورمز، لە ئەگەری گەییشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ وەستاندنی گرژییەکانی نێوان هەردوولا.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆیتەرز، ئەو پێشنیازەی ئێستە تاوتوێ دەکرێت، خۆی لە بەڵێنێکی ئێراندا دەبینێتەوە بۆ کردنەوەی گەرووەکە و پاککردنەوەی لە مینە دەریاییەکان، ئەویش لە ماوەیەکدا کە لە 30 ڕۆژ تێپەڕ نەکات دوای واژووکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست، بۆ ئەوەی ڕێگە بە دەستپێکردنەوەی هاتوچۆی کەشتییەکان بە سەلامەتی و بەتەواوی بدرێت.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە تاران پابەند دەبێت بەوەی ڕێگری لە ئازادیی دەریاوانی لە گەرووەکە نەکات، و هیچ جۆرە ڕسوومات و باجێک نەخاتە سەر کەشتی و نەوتهەڵگرەکان. ئەم هەنگاوەش بۆ کەمکردنەوەی نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکانە سەبارەت بە ئاسایشی وزەی جیهانی و جووڵەی بازرگانیی دەریایی.
لەلایەکی ترەوە، ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە دوێنێ یەکشەم دانوستانەکانی نێوان هەردوولا تووشی ئاستەنگ بووە، دوای ئەوەی واشنتن پاشگەز بووەتەوە لە واژووکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لە ئیسلام ئاباد کە مەبەست لێی درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەستەکە بوو. ئەمەش وای کردووە هەردوولا بچنە ناو دانوستانی ڕاستەوخۆ و هەستیارترەوە.
سەرچاوە دیپلۆماسییەکان بۆ ڕۆیتەرزیان ئاشکرا کردووە کە هەوڵێکی هەرێمی هەیە بە سەرۆکایەتیی پاکستان و چەند لایەنێکی تر، بۆ داڕشتنی ڕێککەوتنێکی قۆناغیی کە ئاگربەست لەخۆ بگرێت، و دواتر لێکتێگەیشتنێکی فراوانتری بەدوادا بێت کە ئاسایشی دەریاوانی و دۆسیە سیاسی و تەناهییەکانی تریش بگرێتەوە.
گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە دەریاییەکانی جیهان، کە نزیکەی یەک لەسەر پێنجی نەوت و غازی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، بۆیە هەر جۆرە گرژییەک لەوێدا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر نرخی وزە و بازاڕە نێودەوڵەتییەکان هەیە.