فه‌رمانده‌ی ناوه‌ندی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست "سێنتكۆم" ئاشكرای كرد، كه شه‌وی ڕابردوو چه‌ند ئامانجێكی هاوێشتنی مووشه‌ك و به‌له‌می هێرشبه‌ری ئێرانیان له ئاوه‌كانی كه‌نداو تێك‌شكاند، ئه‌مه‌یشی وه‌ك هه‌نگاوێكی به‌رگریكردن له هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ناوبردوو، چونكه ئێرانییه‌كان خه‌ریكی چاندنی مین بوون له ناوچه‌كه.
كاپتن تیم هۆكینز گوته‌بێژ به ناوی
سێنتكۆم گوتی، هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆردمانی به‌رگریكردن له خۆیان له باشووری ئێران بۆ پاراستنی هێزه‌كانمان له هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك كه هێزه‌كانی ئێران دروستی ده‌كه‌ن.
زیاتر گوتی، بۆردمانه‌كان له ئه‌نجامی ئۆپراسیۆن و چالاكی ڕاسته‌وخۆ بوون كه ده‌بوونه هه‌ڕه‌شه‌ی ڕژد له‌سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه.
هۆكینز ڕوونی كرده‌وه، ئامانجه بۆردمانكراوهكان سه‌كۆی هه‌ڵدانی مووشه‌ك و به‌له‌می ئێرانی بوون له نێو ئاوه‌كان كه خه‌ریكی چاندنی مینی ده‌ریایی بوون، دووپاتی كرده‌وه كه هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وام ده‌بن له به‌رگریكردن له خۆیان و سه‌رجه‌م هێزه‌كان، له‌گه‌ڵ ددانبهخۆدا گرتن له‌و ماوه‌یه كه ئاگربه‌ست له نێوان هه‌ردوولا هه‌یه.
له‌لایه‌كی تره‌وه فۆكس نیوز له زاری به‌رپرسێكی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكاوه ئاشكرای كرد، كه بۆردمانه‌كان دوو به‌له‌می سه‌ر به سوپای پاسدارانیان له‌ناوبردووه كه خه‌ریكی چاندنی مینی ده‌ریایی بوون و بۆردمانێكی تریش كرایه سه‌ر بنكه‌یه‌كی هه‌ڵدانی مووشه‌كی زه‌وینی-ئاسمانی له ناوچه‌ی به‌نده‌ر عه‌باس، كه هه‌ڕه‌شه‌بوو له‌سه‌ر فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه.