یەكینەكانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی كوردستان "یەرەكە"،سەر بەهێزەكانی پەكەكەن لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد، هێزەكانیان لە 22ی ئایاری ئەمساڵدا، لە گوندی تۆسۆرانی سەربە مەریوان، كەسێكیان بە ناوی "ئومێد وەشكەلانی" سزا داوە كە هاوكاریی دەزگاكانی ئێرانی كردووە.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەكە، ئومێد وەشكەلانی وەك كۆنترا پۆلێن كراوە و تۆمەتبار كراوە بەوەی بە هەموو شێوەیەك هاوكاریی دەزگا تەناهییەكانی ئێرانی كردووە.
یەرەكە دەڵێت: "ئەم كەسە لە ناوچەكەدا كاری بڵاوكردنەوەی مادەی هۆشبەری كردووە و دەستدرێژیی دەكردە سەر بەها وڵاتپارێزییەكانی گەل".
هەروەها ئاماژە بەوە كراوە كە ئەو لە میدیا دیجیتاڵەكاندا بە ئاشكرا پشتگیریی خۆی بۆ ڕژێم پێشان داوە، پاڵپشتییەكانی بۆ هەڕەشەكردن لە هاووڵاتییان بەكار هێناوە.
لە بەشێكی تری لێدوانەكەدا هاتووە، سەرەتا هەندێك لایەنی تر ویستوویانە بەرپرسیارێتیی ئەم سزادانە بگرنە ئەستۆ، بەڵام دوای بەدواداچوون بۆیان دەركەوتووە چالاكییەكە هی هێزەكانی ئەوانە.
یەرەكە جارێكی تر هۆشداریی دایە هەموو ئەو كەسانەی هاوكاریی داگیركەران دەكەن یان دەستیان بە خوێنی تێكۆشەران سوورە و ڕای گەیاند: "هەر كەسێك لەو چوارچێوەیەدا بێت، دەبێتە ئامانجی هێزەكانمان".