ئێران گیراوێكی سیاسیی خۆپێشاندانەكانی ئەمدواییەی لە دار دا و شەشی تریش مەترسی لە داردانیان هەیە، ئەوە بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسی میزان.
ئاژانسەكە بڵاوی كردەوە كە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، لانیكەم 72 كەس لە سێدارە دراون كە بەشێكیان گیراوی سیاسی بوون، لەوانەش لە سێدارەدانی دوو گیراوی سیاسیی كورد بە ناوەكانی ڕامین زەلە و كەریم مەعرووف پوور.
باس لەوە كراوە، لە بەشی ژنانی گرتووخانەی ئەوین بەهۆی گوتنەوەی دروشمی ناڕەزایەتی لە گرتووخانەدا، ڕووبەڕووی سزای بەكۆمەڵ بوونەتەوە و لە مافی تەلەفۆن و چاوپێكەوتنی خێزانەكانیان بێبەش كراون.
لەلایەكی ترەوە كەمپینی ”سێشەمەكانی نا بۆ لەسێدارەدان” داوا لە وڵاتانی ئەوروپا دەكەن، هەر جۆرە پێوەندییەكی سیاسی لەگەڵ تاران بە مەرجی ڕاگرتنی لە سێدارەكان ببەستنەوە، داوا لە ڕێكخراوە جیهانییەكان دەكەن كە لە بەرانبەر ئەم كارەساتە مرۆییەدا، بێدەنگ نەبن و لە پاڵ گەلانی ئێراندا بوەستن.
بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی دۆخی مافەكانی مرۆڤ لە ئێران، تەنیا لە 12 مانگی ڕابردوودا لانیكەم دوو هەزار و 488 كەس لەوانە 63 ژن و دوو منداڵی خوار تەمەن 18 ساڵ لە سێدارە دراون، كە سزای 13 كەسیان لە بەرچاوی گشتیدا جێبەجێ كراوە، هەروەها لەو ماوەیەدا 130 كەسی تریش سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە.