بڕیاری گەڕاندنەوەی ئینتەرنێت لە ئێران كێشە دروست دەكات

:: PM:04:40:26/05/2026 ‌

دوای ئەوەی مەسعوود پزیشكیان سەرۆكی ئێران بڕیارێكی دەركرد بە گەڕانەوەی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی لە ئێران، لە دوای بڕینی بۆ ماوەی 90 رۆژ لەوەتەی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكان و هەڵمەتە سەربازییەكەی ئیسرائیل و ئەمەریكا لە دژی ئەو وڵاتە، دەسەڵاتی دادوەری ئێران هاتە سەر خەت و كاركردنی دەستەی رێكخستن و سیبرانی لە ئێران هەڵپەسارد. 

میدیاكانی ئێران بڵاویان كردەوە كە دوێنێ مەسعوود پزیشكیان فەرمانێكی سەرۆكایەتی لەوبارەوە داوەتە وەزارەتی پێوەندیكردن و تەكنۆلۆجیای زانیاری بۆ گەڕاندنەوەی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی لە ئێران بۆ دۆخی ئاسایی بەر لە مانگی كانونی دووەمی رابردوو.

ئەمە و لە ساتی دەست پێكردنی ناڕەزایەتییەكانی ئێران لە سەرەتای ئەمساڵ، خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی لە ئێران كێشەی تێ كەوت، تا لەگەڵ دەست پێكردنی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە كۆتایی شوباتی رابردوو بە تەواوەتی بڕا و هاووڵاتییانی ئێران تەنیا دەتوانن تۆڕی نیشتمانی ئێران و خزمەتگوزاریی ڤی پی ئێن بەكار بێنن

ستار هاشمی وەزیری پێوەندیكردن و تەكنۆلۆجیای زانیاریی ئێران پێشتر گوتبووی، بڕانی تۆڕی ئینتەرنێت زیانی رۆژانەی 34.5 ملیۆن دۆلار بە ئابووری ئێران گەیاندووە، جیا لەو ناڕەزایەتی و رەخنانەی بەو هۆیەوە دروست بووە.

ئەمڕۆ سێشەم ئاژانسی "فارس"، ئاماژەی كرد كە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران فەرمانی كردووە بە هەڵپەساردنی كاری دەستەی تایبەتی بە رێكخستن و ئیدارەدانی سیبرانی ئێران، كە سەر بە سەرۆكایەتیی ئێرانە، بەهۆی دەركردنی فەرمانی گەڕاندنەوەی ئینتەرنێت بۆ ئەو وڵاتە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل