دوای ئەو ئاڵۆزییەی شەوی رابردوو لە نێوان ئێران و ئەمەریكا دروست بوو، كە فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا چەند ئامانجێكیان لە باشووری ئێران بۆردمان كرد، بەڵام پێ دەچێت هەردوولا دەستیان بە رێگەچارەی دیپلۆماسی بۆ وەستانی شەڕەوە گرتبێت، وەك رۆژنامەیەكی ئەمەریكی باسی دەكات.
رۆژنامەی
"وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە كە سەرەڕای هێرشە سەربازییەكانی ئەمەریكا بۆ سەر پارێزگای هورمزگانی لە باشووری ئێران، دانوستانەكانی ئێران و ئەمەریكا بەردەوامە، كاتێك محەمەد بافر فالیباف سەرۆكی پەرلەمان و شاندی باڵای دانوستانكاری ئێران هەر لە دۆحە ماوەتەوە، لەو دووەم رۆژی سەردانەكەی بۆ قەتەر بە هاوەڵی عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە، بۆ تەواوكردنی دانوستانی كۆتاهێنان بە شەڕ لەگەڵ ئەمەریكا و ئیسرائیل، لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی قەتەر و وڵاتانی تری عەرەبی بۆ ئەو مەبەستە دەیدەن.
رۆژنامەكە لە بەرپرسانی ئێرانی گواستەوە و ئاماژەی كرد، دوێنێ قالیباف بۆ چارەسەركردنی چەند خاڵێكی ناكۆكی رێككەوتنە چاوەڕوانكراوەكە لەگەڵ ئەمەریكا گەیشتە قەتەر، لەوانە ئازادكردنی پارە بلۆككراوەكانی ئێران و میكانیزمی كردنەوەی گەرووی هورمز، ئەوەش دوای چەند سەعاتێك لە راگەیاندنی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا بەوەی هێرشیان كردووەتە سەر چەند بەلەمێكی خێرای سوپای پاسدارانی ئێران كە خەریكی چاندنی مینی دەریایی بوون لە نزیك گەرووی هورمز و بەو هۆیەوە ژمارەیەك پاسدار كوژران.