ناكۆكی و ركابەریی توندڕۆ و میانڕۆكانی ئێران بەردەوامە، بەتایبەتی لەبارەی چۆنیەتی مامەڵكردن لەگەڵ ئەو دۆخەی ئێران بەهۆی سزا و گەمارۆ و هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل تێی كەوتووە، میانڕۆكان لەگەڵ ئاساییكردنەوەی دۆخەكە و رێككەوتنن، دوێنێ سەرۆكی ئێران بڕیارێكی بە ئاساییكردنەوەی خزمەتگوزاری ئینترنێت لە ئێران دەركرد، ئەمڕۆ دەسەڵاتی دادوەری ئەو وڵاتە بڕیارەكەی هەڵوەشاندەوە.
دوای كەمتر لە 24سەعات لە بڕیارەكەی مەسعوود پزیشكیان سەرۆكی ئێران بۆ ئاساییكردنەوەی خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی لە ئێران، وەك ئاژانسی "فرانس پرێس" باسی كرد، ئەمڕۆ سێشەم دەسەڵاتی دادوەریی ئێران كاری دەستەی سەرۆكایەتیی تایبەت بە رێكخستنی بواری سیبرانی ئێرانی هەڵپەسارد، كە بڕیارەكەی دەركردووە.
میدیاكانی سەر بە
سوپای پاسدارانی ئێران گومانیان خستە سەر دەسەڵاتی پزیكشیان بۆ دانی ئەو بڕیارە و دووپاتیان كردەوە كە سنوورداركردنی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی باڵای تەناهی نەتەوەییە و تەنیا بە رەزامەندی ئەنجوومەنەكە دێتە هەڵوەشاندنەوە.
میدیاكانی ئێران بڵاویان كردەوە كە دوێنێ مەسعوود پزیشكیان فەرمانێكی سەرۆكایەتی داوەتە وەزارەتی پێوەندیكردن و تەكنۆلۆجیای زانیاری بۆ گەڕاندنەوەی خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی لە ئێران بۆ دۆخی ئاسایی وەك بەر لە مانگی كانونی دووەمی رابردوو.
ئەمە و لە ساتی دەست پێكردنی ناڕەزایەتییەكانی ئێران لە سەرەتای ئەمساڵ، خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی لە ئێران كێشەی تێ كەوت، تا لەگەڵ دەست پێكردنی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە كۆتایی شوباتی رابردوو بە تەواوەتی بڕا و هاووڵاتییانی ئێران تەنیا دەتوانن تۆڕی نیشتمانی ئێران و خزمەتگوزاریی ڤی پی ئێن بەكار بێنن.