دوای راگەیاندنی كوژرانی عزەدین حەداد فەرماندەی كەتیبەكانی عزەدین قەسام باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس لە غەزە لە هێرشێكی ئاسمانیی ئیسرائیلی لە ناوەڕاستی ئەم مانگە، هاتە راگەیاندن كە محەمەد عۆدە سەرپەرشتیی باڵەكە دەكات و بووەتە فەرماندەی نوێی، ئەمڕۆ ئیسرائیل كردنەئامانجی ئەوی لە غەزە راگەیاند.
ئەمڕۆ سێشەم میدیاكانی ئیسرائیل رایان گەیاند كە محەمەد عۆدە فەرماندەی نوێی باڵی سەربازیی حەماس لە تەلارێك لە گەڕەكی رمیال لە رۆژئاوای غەزە بە پێنج مووشەك كراوەتە ئامانج، لەوكاتەی كەناڵی 14ی ئیسرائیلی ئاماژە دەكات كە ئەگەرێكی زۆرە لە كوشتنی عۆدە سەركەوتوو بووبن، بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دووپاتی كردەوە كە عۆدەیان كوشتووە و دەستیان بە هەمووان دەگات.
لە ناوەڕاستی ئەم مانگە چەند سەرچاوەیەكی نزیك لە حەماس لە كەرتی غەزە روونیان كردەوە كە عۆدە بە كردەنی وەك فەرماندەی نوێی كەتیبەكانی قەسام دیاری كراوە، كە كەسێكی نزیك بووە لە حەداد و بە بەردەوام پێوەندییان هەبووە، بەتایبەتی لە دوای پلانەكانی داڕشتنەوەی پەیكەری رێكخراوەكە، كە حەداد لە دوای كوژرانی محەمەد زەیف و محەمەد سنووار هەردوو فەرماندەی پێشوو و كوژراوی قەسام كاری لەسەر دەكرد.
بەپێی سەرچاوەیەك لە كاتی هێرشەكەی 7ی تشرینی یەكەمی سەر ئیسرائیل، عۆدە بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس بوو، لە دوای كوژرانی محەمەد سنووار پێشنیازی بۆ كرا بۆ فەرماندەیی قەسام، بەڵام رەتی كردەوە، لە دوای كوژرانی حەداد كەسی تر نەبوو لە وەرگرتنی پۆستەكە ركابەری بكات تەنیا عیماد عەقل نەبێت، كە ئەویش رۆڵێكی گەورەی لە رووداوەكانی دوای هێرشەكەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل نەبووە.