سەركردەیەكی میلیشیای ئەنساروڵای عێراقی كوژرا

:: PM:02:03:28/05/2026 ‌
لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو بە ئۆتۆمبێلەكەی، سەركردەیەكی ئەنساروڵا ئەوفیا لە پارێزگای میسان كوژرا و پاسەوانەكەیشی بریندارە. ئەنساروڵا یەكێكە لەو میلیشیایانەی خراوەتە لیستی تیرۆرەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 28ی ئایار، تەقینەوەیەك لە پارێزگای میسان لە باشووری عێراق تەقییەوە، لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەی سەرەتایی دەركەوت، تەقینەوەكە بە بۆمبێكی چێنراو بووە، ئەوەی كراوەتە ئامانجیش سەركردەیەكی میلیشیاكان بووە.

ماڵپەڕی شەفەق نیوز بێ ئەوەی ناوی كەسەكە ئاشكرا بكات دەڵێ‌، "سەركردەیەكی دیاری میلیشیای كەتائیبی ئەنساروڵا ئەوفیا كوژراوە و پاسەوانەكەیشی بریندار بووە و رەوانەی نەخۆشخانە كراوە".

بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیەی بڵاو كراوەتەوە، سەركردەی میلیشیاكە لەناو ئۆتۆمبێلەكە بووە كە لە ئەنجامی تەقینەوەكە گڕی گرتووە.

ئەنساروڵا ئەوفیا یەكێكە لەو میلیشیایەی كە سەربە ئێرانە و لە لیستی تیرۆری ئەمەریكادایە، سەرۆكەكەی حەیدەر غەراوییە لەلایەن ئەمەریكا خەڵات بۆ دۆزینەوە و ئاشكراكردنی تەرخان كراوە.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل