ئیسرائیل: بەرپرسی یەكەی مووشەكەكانی حزبوڵامان كوشت

:: PM:02:28:28/05/2026 ‌
كەناڵی "12"ی ئیسرائیلی رای گەیاند، لە هێرشێكی ئاسمانی بۆ سەر لبنان، عەلی حوسێنی بەرپرسی یەكەی مووشەك لە میلیشیای حزبوڵا كوژرا.

ئەمڕۆ پێنجشەم 28ی ئایار، كەناڵی "12"ی ئیسرائیلی ئاشكرای دەكات، عەلی حوسێنی بەرپرسی یەكەی مووشەك لە حزبوڵای لبنانی، لە هێرشێكی ئاسمانیی ئیسرائیلدا كوژراوە.

هاوكات رادیۆی سوپای ئیسرائیل بڵاوی كردووەتەوە، لە ئۆپراسیۆنێكدا عەلی حوسێنی كراوەتە ئامانج، بەڵام هێشتا پێكانی بە تەواوی جێی دڵنیایی نییە.

هەر میدیای ئیسرائیل بڵاوی كردووەتەوە، ئەو هێرشە خەستەی كە سوپای ئیسرائیل بۆ سەر دەوروبەری بەیرووتی پایتەخەتی لبنان ئەنجامی دەدات بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حكوومەتی ئەمەریكی ئەنجام دراوە.

 دوو رۆژ لەمەوبەر ئیسرائیل هەڵمەتێكی چڕی بۆ سەر حزبوڵای لبنانی دەست پێ كردووە، ئەمەیش لەسەر داوای بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆك وەزیران بوو كە داوای لە سوپای وڵاتەكەی كرد، "حزبوڵا وردوخاش بكەن".
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل