ئیسرائیل: بەرپرسێكی باڵای ئێرانمان لە بەیرووت كوشت

:: PM:03:16:28/05/2026 ‌
ماڵپەڕی واڵای ئیسرائیلی لە سەرچاوەیەكی بەرپرسەوە ئاشكرای كردووە، لە هێرشەكەی ئەمڕۆی سەر باشووری بەیرووت، بەرپرسێكی باڵای ئێران كوژراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 28ی ئایار، سوپای ئیسرائیل هێرشێكی گەورەی بۆ سەر باشووری بەیرووت ئەنجام دا، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێكی لبنانی ئاشكرای كردووە، هێرشەكە ئامانجدار بووە، بەڵام تا ئێستە نازانرێت ئەو ئامانجە كێیە.

كەچی میدیای ئیسرائیلی بەتایبەتی واڵا دەڵێ‌، "ئەو كەسە بەرپرسێكی باڵای ئێرانە".

تا ئێستە زانیاری لەسەر ئەو كەسە نییە، بەڵام دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ میدیای ئیسرائیل ئاشكرای كرد، لە یەكێك لە هێرشە ئاسمانییەكان، بەرپرسی یەكەی مووشەكەكان لە میلیشیای حزبوڵای لبنانی كوژراوە. 

میدیای ئیسرائیلی باس لەوەیش دەكەن، لەو هێرشانەی ئەمڕۆ سوپای وڵاتەكەیان ئەنجامی دەدات، هاوئاهەنگی لەگەڵ حكوومەتی ترەمپ لە ئەمەریكا كراوە.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل