دوای نۆ ساڵ ئیلهام ئەحمەد سەردانی عەفرینی كرد

:: AM:11:18:29/05/2026 ‌
سەرۆكی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی ڕۆژئاوای كوردستان، لە دوای ساڵی 2018 و داگیركردنی عەفرینەوە، بۆ یەكەمینجار سەردانی عەفرینی كرد.

ئیلهام ئەحمەد سەرۆكی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوە، لەبارەی وردەكاریی سەردانەكەیەوە ڕای گەیاند، دوای نۆ ساڵ سەردانی گوندی زەركای سەر بە شارۆچكەی ڕاجۆی لە شاری عەفرین كرد و لەلایەن هاووڵاتییانەوە بە جۆش و خرۆشێكی زۆرەوە پێشوازیی لێ كراوە.

ئیلهام ئەحمەد لەبارەی ئامانجی دیدارەكانی لەگەڵ خەڵكدا ڕای گەیاند: "لەو سەردانەدا پیرۆزبایی جەژنی قوربانمان لە گەلەكەمان كرد و لە نزیكەوە لەگەڵ هاووڵاتییان دانیشتین".

 گوتیشی: "بە تەواوی گوێمان لە كێشە، داواكاری و پێداویستییەكانی هاووڵاتییانی ناوچەكە گرتووە".

سەرۆكی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوە جەختی لەوەش كردەوە، لەم سەردانەدا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی حكوومەتی كاتی كۆبووەتەوە و گوتی: "لە لایەن خەیرۆ ئەلعەلی داود بەڕێوەبەری ناوچەی عەفرین و سوراقە عەمۆری بەرپرسی ئاسایشی ناوخۆ لە باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتیی ناوچەی عەفرین پێشوازیمان لێ كرا، لە كۆبوونەوەكەشدا دۆخی ناوچەكە، كێشە بەردەوامەكان و كارووبارەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكە بە تەواوی هەڵسەنگاندنیان بۆ كراوە".



وشە - سۆران عەزیز