توێژەرێك داوای دانانی نوێنەرێكی تایبەتی ئەمەریكی بۆ كاروباری كورد دەكات

:: PM:04:49:29/05/2026 ‌

توێژەرێكی سیاسیی كورد لە ئەمەریكا داوا لە سەرۆكی ئەمەریكا دەكات بۆ دیاریكردنی نێردراوێكی تایبەت بە كاروباری كورد و بە هەنگاوێكی پێویستی دانا بۆ بەرجەستەكردن و فەراهەمكردنی دیدێكی فرەوانتر بەرانبەر بە كورد لە عێراق و سووریا و توركیا و ئێران.

دلیمان عەبدولقادر توێژەر لە سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نەتەوەیی و دامەزرێنەری رێكخراوی "دۆستایەتی كوردستان و ئەمەریكا" لە وتارێكی لە رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"، نووسیویەتی، ساسەتی ئەمەریكا بە شێوەیەكی كۆن لە رێگەی حكوومەتەكانی توركیا و عێراق و سووریا مامەڵە لەگەڵ دۆزەكانی ناوچەكە دەكات.

روونی كردەوە، بوونی بارستەیەكی گەورە و دیاری كورد لەناو ئەو وڵاتانە پێویست بە مامەڵەكردنێكی جیاواز و سەربەخۆ لەگەڵیان دەكات، نەك تەنیا لە رێگەی باڵوێزخانەكانی ئەمەریكا و لە رێگەی گرنگیدانی تەسكی ئەو حكوومەتانە.

"بۆیە دانانی نێردراوێكی تایبەت بە كاروباری كورد راستییەكان باشتر بۆ كۆشكی سپی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا فەراهەم دەكات، یارمەتی واشنتن دەدات بۆ داڕشتنی سیاسەتەكانی بەپێی دۆخی راستەقینە، نەك بەو شێوەی حكوومەتە پێوەندیدارەكانی ئەو وڵاتانە وێنای دەكەن و هاوسەنگیی دووقۆڵی حكوومەتەكان دەیسەپێنن"، ئەو توێژەرە وای گوت. 

عەبدولقادر دووپاتی كردەوە كە بەدرێژایی مێژوو كورد لە جومگە هەستیارەكاندا لە ئەمەریكا نزیك بووە، بۆیە تەنیا بوونی كونسوڵگەیەكی ئەمەریكی لە هەولێر بۆ داڕشتنی سیاسەتێكی تەواوەتی سەبارەت بە كورد بەس نییە، چونكە هەر پێوەست بە باڵوێزحانەی ئەمەریكا لە بەغدا دەمێنێتەوە. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل