ئەمڕۆ شەموو عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاری دا بە دامەزراندنی ئەنجوومەنێكی باڵای سیادی بۆ نەزاهە و چاودێری و گەڕاندنەوەی سامانی گشتی.
بەپێی
بەیاننامەیەكی نووسینگەكەی، ئەمڕۆ عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی تایبەتی لەبارەی رێوشوێنەكانی لێوردبوونەوە لە گرێبەستەكانی حكوومەت كرد، ئەوەش بە ئامادەبوونی سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و سەرۆكی دەستەی نەزاهەی فیدراڵی و سەرۆكی داواكاری گشتی و دادوەری دادگەی لێكۆڵینەوەی كەرخ تایبەت بە دۆسیەكانی نەزاهە.
لە كۆبوونەوەكە زەیدی فەرمانی دا بە پێكهێنانی ئەنجوومەنی باڵای سیادی بۆ نەزاهە و چاودێری و گەڕاندنەوەی سامانی گشتی بە سەرۆكایەتیی خۆی و ئەندامیەتی هەریەك لە سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی و سەرۆكی دەستەی نەزاهە، بۆ چاودێریكردنی كاری وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەكان بە وەزارەت و پارێزگاكان سەبارەت بە بابەتە گرنگەكان، بەمەبەستی وەستانی بەهەدەردانی سامانی گشتی و گەڕاندنەوەی، بەو پێیەی ئەنجامی كاری ئەنجوومەنەكە بۆ دادگا رەوانە بكرێت.
هەر لە كۆبوونەوەكە تاوتوێی پێكهێنانی لیژنەیەكی ناوەندی لە نێوان دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی نەزاهە و وەزارەتی دارایی كرا، بۆ ئەوەی ئەركی دانانی میكانیزمێك بۆ لێوردبوونەوە و لێكۆڵینەوە لە گرێبەستە حكوومەتییەكان پێش سازكردنیان بگرێتە ئەستۆ، بۆ دڵنیابوون لە هاوشێوەییان لەگەڵ پێوەرە پێڕەوكراوەكان.