بڕیارە لە دوای پشووەكانی جەژنی قوربان جموجۆڵی حكوومەتی عێراق و چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ داماڵینی چەكی نایاسایی و هێشتنەوەی لای دەوڵەت و چارەسەركردنی حەشدی شەعبی و میلیشیاكان دەست پێ بكات، بەپێی زانیارییەكان جیا لە سەرییەكانی سەلام، سێ گرووپ بە دانانی چەك رازین و سێشیان هەرگیز چەك دانانێن، وەك پەر لەمانتارێكی شیعە وا دەڵێت.
ئەو
پەرلەمانتارە كە سەر بە میلیشیاكانە گوتی، هەریەك لە كەتیبەكانی حزبوڵا و بزاوی نوجەبا و كەتیبەكانی سەید شوهەدا هەرگیز چەكەكانیان دانانێن، ئەوەشی باسی نەرمینواندن لە دانانی چەك لە لایەن ئەوان دەكات، بەتایبەتی لە دوای بڕیارەكەی موقتەدا سەدر، ئەوە راست نییە، چونكە ئەو گرووپانە پێیان وایە كە هێشتا عێراق داگیركراوە و هەڕەشەی ئیسرائیلی لەسەرە و پێویستە هێزی موقاوەمە هەبێت.
بەپێی زانیارییەكان پێنج گرووپی چەكدار بە نیازن لە 4ی حوزەیرانی داهاتوو دەست بە رادەستكردنی چەكەكانیان بكەن، لە هەنگاوێك تا ئێستە وردەكاری و میكانیزمەكانی دیار نییە، ئەو گرووپانە بریتین لە عەسائیب ئەهلولحەق بە سەركردایەتیی قەیس خزعەلی و رێكخراوی بەدر بە سەركردایەتیی هادی عامری و كەتیبەكانی سەید شوهەدا و بزاوی سەئروڵا و كەتیبەكانی ئیمام عەلی، بەڵام هەردوو گرووپی نوجەبا و كەتیبەكانی حزبوڵای عێراق رەتی دەكەنەوە.