لە دوای ئاگربەستی كاتیی نێوان ئێران و ئەمەریكا لە 8ی نیسانی رابردووەوە تا ئێستە یەك گەڕی سەرنەكەوتووی دانوستانی هەردوولا راستەوخۆ ساز كراوە، لەو ساتەوە پەیامگۆڕینەوە لە نێوان هەردوولا لە رێگەی ناوەندگیرەكانەوە بەردەوامە، دوایینجار لەسەر بنەمای پێشنیازێكی ئەمەریكی هەردوولا خەریكی گەڵاڵەكردنی دەقی رەشنووسی رێككەوتنێكی سەرەتایین و دۆخەكە لەسەر رەزامەندیی سەركردایەتیی هەردوو وڵات ماوەتەوە.
بەپێی
سەرچاوە ئێرانییەكان تا ئێستە پەیامگۆڕینەوە لە نێوان تاران و واشنتۆن لەبارەی دەقی رەشنووی یاداشتی لێكگەیشتن بۆ وەستانی شەڕ بەردەوامە، سەرچاوەكان ئاماژە دەكەن كە هەردوولا پێشنیازی گۆڕانكارییان بۆ یەكتر كردووە و هێشتا دەقی كۆتایی یاداشتەكە رێككەوتنی لەسەر نەكراوە، وەك ئاژانسی "تەسنیم" باسی كرد.
لای خۆیەوە محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی بە هیچ رێككەوتنێك لەگەڵ ئەمەریكا رازی نابێت بێ بوونی گەرەنتیی دووپاتكراوە كە مافی ئێرانییەكان دەستەبەر بكات، ئەوەش لە سایەی توندكردنی واشنتن بۆ مەرجەكانی لەسەر تاران بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی سەرەتایی، سەبارەت بەو گەرەنتییەی ئێران داوای دەكات، مەحموود نەبوییان پەرلەمانتاری ئێران روونی كردەوە كە گەرەنتیی پابەندی هەردوولا بە رێككەوتنی چاوەڕوانكراو بریتییە لە بڕیارێكی ئەنجوومەنی ئاسایش.