"حكوومەتی زەیدی هەوڵی دابڕینی سیاسی و یاسایی میلیشیا یاخییەكان دەدات"

:: PM:06:54:31/05/2026 ‌

ئەمڕۆ سەرچاوەكان دووپاتیان كردەوە كە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیامێكی نوێی لە ئەمەریكا بەدەست گەیشتووە بەوەی نابێت میلیشیاكان بەشداری لە كابینەی حكوومەتەكەی بكەن، ئەگەر دەستبەرداری چەكەكانیشیان ببن، نەوەك وەك تەكتیك بۆ باڵادەستی بەسەر حكوومەتەكەی ئەو كارە بكەن، توێژەرێكی سیاسی پێی وایە لە ماوەی داهاتوو زەیدی كار بۆ دابڕینی سیاسی و یاسایی میلیشیاكان دەكات.

لە ماوەی رابردوو موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی نشتمانیی شیعە بڕیاری دەستبەرداربوونی لە سرییەكانی سەلام، باڵی سەربازی رەوتەكەی دا، بەو پێیەی ئەوان خۆیان و چەكەكانیان بخرێنە سەر دامەزراوە فەرمییەكانی عێراق، ئەوەش گورزێك بوو بۆ میلیشیاكان، حوسێن تائی توێژەری سیاسی پێی وایە ئەو هەنگاوەی سەدر گفتوگۆكانی لەبارەی چەكی میلیشیاكان رێك خستەوە، دۆسیەكەی لەسەر ئاستی حكوومەتەوە بۆ ئاستی گوشاری ناوخۆیی ناو ژینگەی شیعە گۆڕی.

روونی كردەوە، هەریەك لە كەتیبەكانی حزبوڵا و نوجەبا و ئەولیای دەم، تەنیا وەك دۆسیەیەكی عێراقی مامەڵە لەگەڵ چەكەكانیان ناكەن، بەڵكو وەك بەشێك لە هاوكێشەیەكی فرەوانتری ناوچەكە پێوەست بە ململانێی ئێران و ئەمەریكا و ئیسرائیلی دەبینن، لە قۆناغی داهاتوودا حكوومەتی عێراق هەوڵی دابڕینی سیاسی و یاسایی ئەو گرووپە چەكدارانە دەدات كە دانانی چەك رەت دەكەنەوە، چونكە هەر رووبەڕووبوونەوەیەكی حسێبنەكراو، دەرگەی ئاڵۆزی و شەڕ لەناو ماڵی شیعە دەكاتەوە و بژارەی پۆلێنكردنی یاسایی ئەو میلیشیایانە و دانانیان بە لە دەرەوەی فەرمانی دەوڵەت یەكێك لە ئامرازەكانی گوشاری سەریان دەبێت.

تائی دووپاتی كردەوە كە زەیدی رووبەڕووی تاقیكردنەوەیەكی زووی پاراستن و سەلماندنی شكۆی حكوومەتەكەی دەبێت، ئەگەر لە بەرانبەر میلیشیا یاخییەكان پاشەكشە بكات، لەبەردەم ناوخۆ و دەرەوەی عێراق لاواز بەدیار دەكەوێت، ئەگەریش پەلە بكات و رووبەڕوویان ببێتەوە، عێراق دەباتە ناو تەنگژەیەكی فرەوانی تەناهی و شەڕەوە، بۆیە ئەو دۆسیە نەك تەنیا چارەنووسی حكوومەتی زەیدی، بەڵكو شێوەی هاوسەنگییە تەناهی و سیاسییەكان لە عێراق لە قۆناغی داهاتوو دیاری دەكات.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل