رۆژنامەی عالەم جەدید، بەدواداچوونی بۆ كوشتنی شێخ زافر سەركردە لە میلیشیای ئەنساروڵا ئەوفیا كردووە و پێی وایە تاوانێكی ئاسایی نەبووە، بەڵكو سەرەتایەكە بۆ لەناوبردنی بەرپرسانی میلیشیاكانی سەربە ئێران و مەزندەی ئەوەیش دەكات بە دەستی دەرەكی كرابێت. ئەمەیش دڵەڕاوكێی خستووەتە ناو میلیشیاكان.
ئەمڕۆ دووشەم یەكی حوزەیران، رۆژنامەی
عالەم جەدید بەدواداچوونێكی لەبارەی كوشتنی شێخ زافر بڵاو كردووەتەوە. زافر لە 28ی مانگی رابردوو لە دووەم رۆژی جەژن لە میسان، لەناو ئۆتۆمبێلەكەی خۆی كوژرا. ئەو یەكێك بوو لە سەركردەكانی میلیشیای ئەنساروڵا ئەوفیا. ئەو میلیشیایەیش سەربە ئێرانە و پێشتریش لە سووریا و دواتر لە عێراق شەڕی كردووە.
سەرەتا وا بڵاو كرایەوە كە بە بۆمبی چێنراو كوژراوە، كەچی لە بەدواداچوونەكەی عالەم جەدید باس لەوە دەكرێت، جۆرە بۆمبێك بە ئۆتۆمبیلەكەی لێكنراوە، دەریدەخات كوشتنی زافر تاوانێكی ئاسایی نەبووە، بەڵكو زیاتر كوشتنێكی سیاسی بووە.
رۆژنامەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، رەنگە ئەمە سەرەتایەك بێت بۆ دەركەوتنی سیناریۆیەكی نوێ، ئەویش كوشتن و لەناوبردنی سەركردەكانی میلیشیاكانی عێراقە.
لە ماوەی رابردوودا ئەمەریكا چەندان سەركردەی میلیشیاكانی دیاری كردووە و پاداشتی بۆ دۆزینەوەی ئەوان تەرخان كردووە، هاوكات گوشاریش دەخاتە سەر حكوومەتی عێراق بۆ ئەوەی لە دەسەڵات دووریان بخاتەوە و چەكەكانیان لێ وەربگرێتەوە.