واشنتن ئەركە لەپێشینەكانی لە عێراق دادەڕێژێتەوە

:: PM:05:01:01/06/2026 ‌

هەر لەگەڵ هاتنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ دەسەڵات لە كۆشكی سپی، ستراتیجیەتی ئەمەریكا بەرانبەر بە عێراق توندتر بوو و بەرەو پێداچوونەوە بە ئەركەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان هەنگاوی نا، بەتایبەتی لە دوای پاڵپشتیی ئاشكرای میلیشیاكان و هێزە سیاسییەكانی شیعە لە ئێران و سیاسەتەكانی و باڵادەستیی ئێران بەسەر عێراق، توێژەرێك ئاماژە دەكات، بڕیاری دوێنێی ترەمپ بە یەكخستنی نێردراوی تایبەتی بۆ عێراق و سووریا، گۆڕانكارییە لە ستراتیجیەتی ئەمەریكا بەرانبەر بە ناوچەكە.

دلێر خەلەف ئۆسمان توێژەر لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان و كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی تێنسی گوتی، ئەو هەنگاوەی ئەمەریكا دووپاتی دەكاتەوە كە واشنتن چیتر وەك دۆسیەیەكی سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ عێراقدا ناكات، بەڵكو وەك بەشێك لە ئەندازەیەكی فرەوانتری تەناهی و جیۆسیاسی لە ناوچەكە، گۆڕانە لە شێوازی مامەڵەكردنی كۆنی ئەمەریكا لە 2003ەوە بۆ شێوەیەكی تر كە لە گۆشەی هاوسەنگییەكانی ناوچەكە سەیری عێراق دەكات، ئەوەش بە مەبەستی سنوورداركردنی باڵادەستی و دەسەڵاتی ئێران و ئاراستەكردنەوەی رێڕەوی جیۆسیاسیی سووریا و عێراق بەو شێوەی خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا دەكات. 

ئەو توێژەرە ئاماژە دەكات كە پاشخانی تۆم باراك و بیروباوەڕی كە وابەستەی بیرۆكەی "ئەمەریكا پێش هەموو شتێك"، ئەركەكەی لە پۆستە نوێكەی ئاشكرا دەكەن، كە گرنگی بە دۆسیەكانی دیموكراسی و فیدرالیەت و فرەیی سیاسی نادات بەقەد گرنگیدانی بە بەهێزكردنی دەوڵەتێكی ناوەندی و توانا تەناهییەكانی، ئەوەش بۆ بۆ مسۆگەركردنی نەبوونی بە هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و بەهێزكردنیان بۆ ئیدارەدانی خۆیان بۆ دۆخی تەناهیان لە دوورەوە و كەمكردنەوەی پێویستییان بە بوونی سەربازیی ئەمەریكا، شێوازی كاركردنی باراك لە سووریا لە عێراقیش دووبارە دەبێتەوە، بەڵام ئەو ئاڵنگارییانەی لە بەغدا تووشی دەبێت ئاڵۆزترن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل