هەینی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا كۆبوونەوەیەكی بە تیمەكەی بۆ بڕیاردان لەبارەی ئێران ساز كرد، بەڵام جارێكی تر بڕیاری نەدا، ئەو لە لایەك گوشار لە ئێران دەكات بۆ رێككەوتنی بەپەلە و بەپێی مەرجەكانی و لە لایەكی تر ئاماژە دەكات كە پەلەی نییە و گەمارۆ دەریاییەكەی كاری خۆی دەكات، ئەمڕۆ دووشەم ئاژانسێكی ئێرانی لە سەرچاوەیەكی گواستەوە كە لە دوای هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر لبنان، تیمی دانوستانكاری ئێران پەیامگۆڕینەوە و دانوستانی لەگەڵ ئەمەریكا وەستاندووە.
ئاژانسی
"تەسنیم"ی ئێرانی لە سەرچاوەیەكی گواستەوە كە تیمی دانوستانكاری ئێران، دانوستان و ئاڵوگۆڕكردنی پەیامەكانی لە رێگەی ناوەندگیرەكان لەگەڵ ئەمەریكا وەستاندووە، ئەوەش بەهۆی بەردەوامبوونی هێرش و ئۆپراسیۆنە سەربازییەكەی ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵا لە لبنان، كە بە پێشێلكاری بۆ رێككەوتنی ئاگربەست لە هەموو بەرەكانی جەنگ دادەنرێت.
بەپێی سەرچاوەكە دانوستانكارانی ئێران دووپاتیان كردووەتەوە كە مەرجی دەست پێكردنەوەی هەر دانوستانێك بریتییە لە وەستانی بەپەلەی ئۆپراسیۆنەكەی ئیسرائیل لە غەزە و لبنان، جیا لە كشانەوەی تەواوەتی سوپای ئیسرائیل لە لبنان، ئێران و بەرەی موقاوەمەت بەنیازن پەرە بە هەنگاوەكانیان بۆ وەڵامدانەوەی ئیسرائیل و ئەوانەی پاڵپشتی لێ دەكەن بدەن، لەوانە داخستنی تەواوەتیی هەردوو گەرووی هورمز و بابولمەندەب.
لای خۆیەوە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی كردەوە كە ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمەریكا، وەستانی شەڕ لە تەواوی بەرەكانی شەڕ دەگرێتەوە لەوانە لە لبنان، بۆیە هەر پێشێلكارییەك بۆ ئەو ئاگربەستە لەهەر بەرەیەك بێت، پێشێلكارییە لە تەواوی بەرەكان، بۆیە ئیسرائیل و ئەمەریكا لە ئەنجام و لێكەوتەكانی ئەو پێشێلكردنەی ئاگربەستەكە بەرپرسیار دەبن.