بەرپرسێكی باڵای ئێران لەبارەی رێككەوتن یان دەستپێكردنەوەی جەنگ لەگەڵ ئەمەریكا رای گەیاند، ئەوەی دەبینرێ ئەمەریكا دەیەوێ ئێران خۆی رادەست بكات كە ئەوەیش مەحاڵە، بۆیە دڵنیاین جەنگ بەرانبەر بە ئەمەریكا دەست پێ دەكاتەوە.
پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ سێشەم دووی حوزەیران بڵاوی كردووەتەوە، محەمەد جەعفەر ئەسەدی جێگری فەرماندەی بارەگای خاتم ئەنبیا، لە لێدوانێكدا بۆ تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران رای گەیاند، ژووری ئۆپراسیۆنەكانی هێزە چەكدارەكان، بەو گەیشتوون كە دڵنیان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، دەیەوێ ئێران لەو جەنگەی بەسەریدا سەپاوە، خۆی بەتەواوی رادەست "تەسلیم" بكات، ئەوەیش داوایەكە مەحاڵە بێتەدی.
ئەو بەرپرسە باڵا یەی ئێران دووپاتی كردەوە، خۆ رادەستكردنی تەواوەتی، داوایەكە گەلی ئێران بە رژدی رەتی دەكاتەوە و بەهیچ شێوەیەك رادەست نابێت و جەنگەكە بە دۆڕانی خۆی قبووڵ ناكات.
محەمەد جەعفەر ئەسەدی دووپاتی كردەوە كە كاتێك ئێران دۆڕان قبووڵ ناكات و رادەست نابێت، ئەوەیش ئەوە دەگەیەنێت كە جەنگەكە بەردەوام دەبێت و لە هەر كاتێكدا دەست پێ دەكاتەوە، ئێمەیش چاوەڕێ ئەوە دەكەین و جەنگ نامانترسێنێت.
ئەمەریكا و ئێران بە ناوەندگیریی پاكستان لە قۆناغی دانوستاندان، ویست هەیە ئەو جەنگەی كە ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران دەستیان پێ كردووە، بێتە وەستان، بەڵام تا ئێستە دانوستان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەگەیشتووەتە ئەنجام و ئەنجامێكی روون و ئەرێنیی نەبووە.
لەلایەكی تریشەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، ئەمڕۆ بۆ تۆڕی "ئەی بی سی نیوز" رای گەیاند، بە ئەگەرێكی زۆر لە هەفتەی داهاتوودا لەگەڵ ئێران دەگەینە رێككەوتن.
پێشتر بە ناوەندگیریی عومان، سێ گەڕی دانوستان لە نێوان ئەمەریكا و ئێران لە عومان و جنێڤ بەڕێوە چوون، بەڵام وێڕای ئەوەی ئێران دانوستانەكانی بە "باش" ناو برد، بەڵام هیچ ئەنجامێكی بەرچاوی بەخۆوە نەبینی، بۆیە بەیانیی رۆژی شەموو 28ی شوبات، ئیسرائیل بە هاوكاریی ئەمەریكا، هێرشی كردە سەر ئێران و هێرشەكەیش جیا لە تاران، تەواوی وڵاتەكەی گرتەوە، بەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆر كوژراو و برینداری لێ كەوتەوە و ژمارەیەكی زۆریش بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتە كوژراون، لەناویاندا عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران و عەلی شەمخانی و عەبدولڕەحیم مووسەوی و زۆری تر لە بەرپرس و فەرماندەكانی ئەو وڵاتە. جەنگیش تا ئێستە بەردەوامە. وێڕای ئەوەی بە ناوەندگیریی پاكستان، دانوستان دەستی پێ كردووە، بەڵام بەهیچ ئەنجامێك نەگەیشتوون.
لە ڕووی ئابووریشەوە ئەم جەنگە زیانی گەورە و كارەساتباری بۆ كڕیارانی نەوت لە دنیا دروست كردووە، بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز و وەستانی هەناردەی نەوتی خاوی وڵاتانی كەنداو بۆ وڵاتانی تری دنیا كە ئابووری عێراقیش بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، ڕووبەڕووی كەمی داهات و گرفتی گەورە بووەتەوە.