لە دوای ئاگربەستە كاتییەكەی لبنان، هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر بنكە و بارەگەكانی حزبوڵا لەو وڵاتە نەوەستاوە، دوێنێ بە گوشاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، هەردوولا هێرشیان بۆ سەر یەكتر وەستاند، هاوكات بڕیارە گەڕێكی تری دانوستانەكانی لبنان و ئیسرائیل لە واشنتن بەڕێوە بچێت.
بەپێی میدیا عەرەبییەكان، هەردوو شاندی دانوستانكاری ئیسرائیلی و لبنانی گەیشتوونەتە بارەگەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە واشنتن بۆ دەست پێكردنی گەڕێكی تری دانوستانە راستەوخۆكان، كە تا ئێستە سێ گەڕی بەڕێوە چووە، بەپێی زانیارییەكان لەو گەڕەدا شاندی لبنان داوای جێگیركردنی ئاگربەستەكە لە تەواوی خاكی لبنان دەكات، ئەوەش لەسەر بنەمای ئەو رێككەوتنەی دوێنێ دووشەم كرا و رێگری لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت كرد، ببێتە بنەمایەك بۆ بۆ وەستانێكی تەواوی شەڕ لە لبنان.
شاندی دانوستانكاری لبنان لە سیمۆن كەرەم نێردراوی سەرۆكایەتی و نەدا حەمادە باڵوێزی لبنان لە ئەمەریكا و ویسام پترۆس جێگری باڵوێز و ئۆلێڤەر حاكمیە پاشكۆی سەربازیی باڵوێزخانەكە پێك هاتووە، لە لایەن ئیسرائیلەوە یاخیل لایتەر باڵوێزی ئیسرائیل و یوسی درازنین جێگری راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی و ئەمیشان لیڤین سەرۆكی بەشی پلاندانان لە سوپای ئیسرائیل و ئیریك بن دۆف پاشكۆی سەربازی لە باڵوێزخانەی ئیسرائیل لە ئەمەریكا بەشداری دانوستانەكانن.