لە ماوەی دوایی هەنگاوەكان بەرەو جێبەجێكردنی بەشێك لە داواكارییەكانی ئەمەریكا لە حكوومەتی عێراق دەستی پێ كرا، تا ئێستە سرییەكانی سەلام و گرووپی عەسائیب ئەهلولحەق و كەتیبەكانی ئیمام عەلی، كە سەر بە دەستەی حەشدی شەعبی بوون، دەستبەرداری چەك و چەكدارەكانیان بۆ دامەزراوە تەناهییەكانی دەوڵەتی عێراق بوون و لیژنەیان بۆ ئەو كارە پێك هێنا، بەڵام تا چەند ئەمەریكا باوەڕ بەو كارە دەكات و تەواو ئەوەیە كە داوای دەكات؟
پەرلەمانتارێكی شیعەی عێراق ئاماژە دەكات، تا ئێستە چەند گرووپێكی دیاریكراو بیرۆكەی داماڵینی چەكەكانیان رەت كردووەتەوە، دیارترینیان كەتیبەكانی حزبوڵا و بزاوی نوجەبا و كەتیبەكانی سەید شوهەدان، لەپاڵ سرییەكانی ئەولیای دەم و ئەسحابولكەهف و بودەلا، ئەوەش بەپێی چەند پەیامێكی زارەكی.
روونی كردەوە، هەرچی گرووپەكانی ترن وەك عەئاسیب ئەهلولحەق و كەتیبەكانی ئیمام عەلین، باسی دابڕینی باڵە سەربازییەكانیان لەناو حەشدی شەعبی لەگەڵ باڵە سیاسییەكەیان دەكەن، ئەو هەنگاوەش واشنتن و لایەنی تریش وەك مانۆرێك و فێڵكردن لە بابەتی داماڵینی چەكەكانیان دادەنێن، بەو پێیەی ئەو گرووپانە وابەستەیی قووڵتریان لە تەنیا راگەیاندنی خۆدابڕین لە باڵە سەربازییەكانیان هەیە، كە خاوەنی باڵادەستی و دەسەڵاتی گەورەن لە دەوڵەت و دامەزراوە فەرمییەكان.
لای خۆیەوە سەرمەد بەیاتی شارەزای تەناهی پێی وایە گرێ كوێرەكە لای دوو گرووپە، بزاوی نوجەبا و كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی، ئەوانە بەهۆی بیروباوەڕەكەیان و پابەندییان بە یەكپارچەیی گۆڕەپانەكانی شەڕ و بەرەی موقاوەمەتی سەر بە ئێران دەست لە چەك هەڵناگرن، كە بەرەیەكی گرنگە و ئێران بە لێكهەڵوەشانەوەی رازی نابێت.
روونی كردەوە، ئەو پاڵپشتییەی ئێستە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بابەتی داماڵینی چەك و هێشتنەوەی لای دەوڵەت بەدەستی هێناوە، هیچ سەرۆك وەزیرانێكی تری عێراق لە دوای 2003 نەیبووە، بۆیە ئەو قۆناغەی ئێستە، قۆناغێكی گرنگە لە مێژووی هاوچەرخی عێراق و پێویستە بە وریایی و بە توندی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.