نەتەوە یەکگرتووەکان: داخستنی گەرووی هورمز کاریگەری لەسەر ژیانی یەک ملیار کەس دروست کردووە

:: PM:08:21:02/06/2026 ‌
ئەمڕۆ سێشەم 2ی حوزەیرانی 2026، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بازرگانی و گەشەپێدان ڕای گەیاند کە داخستنی گەرووی هورمز کاریگەریی لەسەر ژیانی نزیکەی یەک ملیار کەس هەبووە کە لە وڵاتانی خاوەن ئابووریی لاوازدا دەژین.

لە ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوەکەدا کە بە ناونیشانی "پشێوییەکانی گەرووی هورمز باری قورسی شۆکەکانی نرخی نەوت لەسەر ئابوورییە لاوازەکان" بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە کە ئابوورییە لاوازەکان لە ڕیزی پێشەوەی زەرەرمەندانن. ڕاپۆرتەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە لە نێوان 75 ئابووری لە کەمترین وڵاتە گەشەسەندووەکان و دەوڵەتە دوورگەیییە بچووکە تازەپێگەیشتووەکان، 65 ئابوورییان پشت بە نەوتی هاوردەکراو دەبەستن.

ڕوونیشی کردووەتەوە کە بەرزبوونەوەی نرخی وزە لەو وڵاتانە دەبێتە هۆی زیادبوونی تێچوونەکان، و دروستبوونی بژاردەی سەخت لە نێوان دابینکردنی پارەی پسوولەی سووتەمەنی و وەبەرهێنان لە خزمەتگوزارییە گشتییە سەرەکییەکان. ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکە دەڵێت، شۆکەکانی نرخی نەوت بووەتە بارێکی قورس بەسەر ئابوورییە لاوازەکانەوە لە ئەنجامی پشێوییەکانی گەرووی هورمز، ڕوونیشی کردووەتەوە کە پشێوییەکانی ئەو گەرووە، شۆک لە سیستەمی وزەی جیهانیدا دروست دەکات.

بازاڕەکانی جیهان ناجێگیرییەکی گەورە بەخۆیانەوە دەبینن بەهۆی شەڕی ئیسرائیل و ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، ئەمەش بەشدار بووە لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و ئاستەکانی هەڵئاوسان. ڕۆژانە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوت بەو گەرووەدا تێدەپەڕێت، داخستنیشی بووەتە هۆی زیادبوونی تێچووی گواستنەوە و دڵنیایی و بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو، ئەمەش ترسی لە لێکەوتەی گەورە لەسەر ئابووریی جیهانی لە ماوەی داهاتوودا دروست کردووە.


وشە - پۆڵا مەحموود