تەواوكردنی كابینەی حكوومەتی زەیدی دەكەوێتە دوای پشووی پەرلەمان

:: PM:06:38:03/06/2026 ‌

لە 14ی ئایار پەرلەمانی عێراق متمانەی بە بەشی زۆری كابینەی حكوومەتی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق دا، بەڵام تا ئێستە چەند وەزارەتێك بە بەتاڵی ماونەتەوە و ئەوكات بەهۆی ناكۆكیی سیاسییەوە تێپەڕ نەكران، پەرلەمانتارێك پێی وایە كە ئەگەرێكی دوورە هەفتەی داهاتوو پەرلەمان دانیشتنێكی نائاسایی بۆ تەواوكردنی كابینەكە ساز بكات و ئەو بابەتە دەكەوێتە دوای كۆتاهاتنی پشووی پەرلەمانی عێراق.

عامر فایز سەرۆكی بارستەی تەسمیم ئاماژەی كرد كە سەرۆك وەزیرانی عێراق و چوارچێوەی هاوئاهەنگی سوورن لەسەر تەواوكردنی كابینەی حكوومەتی نوێ، ئەوەش بۆ پاڵپشتیكردنی سەقامگیری و تەواوكردنی پڕۆژەكان و جێبەجێكردنی بڕگەكانی كارنامەی حكوومەت، ئەو بابەتەی رێگرە لە تەواوكردنی كابینەكە پشووی یاسادانانی پەرلەمانە، بۆیە پێویست بە بانگەشەكردن بۆ دانیشتنێكی نائاسایی دەكات، بەڵام لەو جۆرە دانیشتنە ئەگەری تەواونەبوونی نیسابی ئایاسایی هەیە بەهۆی مۆڵەت و گەشتكردنی ئەندامانی پەرلەمان. 

دووپاتی كردەوە، بارستە سیاسییەكانی پێوەندییان بە وەزارتە بەتاڵەكانەوە هەیە، تا ئێستە ناوی كاندیدانی نوێیان پێشكەش سەرۆك وەزیران نەكردووە، كە دەكرێ ئەگەر رێككەوتن لەسەر دانیشتنی پەرلەمان بكرێت لە ماوەی چەند رۆژێك ئەو كارە ئەنجام بدەن، بەڵام زەحمەتە هەفتەی داهاتوو دانیشتنی پەرلەمان یاز بكرێت و ئێستە پەرلەمان لە پشووی یاسادانانە و ئەندامانی ئامادە نین، بۆیە نیساب تەواو نابێت و تەواوكردنی كابینەی حكوومەت و متمانەدان بە وەزیرانی ماون دەكەوێتە دوای كۆتاهاتنی پشووی پەرلەمانەوە، كە لە سەرەتای مانگی تەمووزی داهاتوو كۆتایی دێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل