ئەمڕۆ چوارشەم سێی حوزەیرانی 2026، مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕای گەیاند کە ئەمەریکا دەیەوێت گۆڕانکاری لە ئێراندا ببینێت و گەل حوکمڕانی بکات بۆ ئەوەی چیتر نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ناوچەکە. هاوکات هیوای خواست کە ئەو کۆبوونەوەیەی لە نێوان بەرپرسانی لبنان و ئیسرائیل بەڕێوە دەچێت و واشنتن ئاسانکاری بۆ دەکات، بەیاننامەیەکی هاوبەش و پلانێکی کاری لێ بکەوێتەوە.
نوێترین گەڕی دانوستانەکان بەمەبەستی کۆتایهێنان بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی لبنان و گەیشتن بە ئاشتییەکی درێژخایەن، دوێنێ سێشەم دەستی پێ کرد و بڕیار بوو ئەمڕۆ چوارشەم کۆتایی بێت. ڕوبیۆ ئاماژەی بەوە دا کە سەرکردەکانی حكوومەتی لبنان و حكوومەتی ئیسرائیل لە ئێستەدا لە بارەگای وەزارەتەکەیان دانیشتوون بۆ دانوستان، هیوایشی خواست کە کۆبوونەوەکە بەیاننامەیەک و پلانێکی کار بۆ ڕێڕەوێکی تەناهی لە لبنان بەرهەم بهێنێت کە سەربەخۆ بێت لە گرووپە چەکدارەکان.
سەبارەت بە ئێران، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتی، هیوادارین ئێران واز لە خواستە ئەتۆمییەکانی بهێنێت و واز لە پاڵپشتیکردنی کوشتن و تێکدانی ئاسایش لە جیهاندا بهێنێت. هەروەها هیوادارین دانوستانەکان ببنە هۆی وازهێنانی ئێران لە خواستەکانی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم و ڕادەستکردنی یەدەگە زۆر پیتێنراوەکەی.
زیاتر گوتی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕێگەی نەدەدا ئێران قەڵغانێکی نەریتی لە چەک دروست بکات کە بتوانێت لە پشتییەوە خۆی حەشار بدات بۆ پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، دووپاتیشی کردەوە کە ئۆپراسیۆنی "تووڕەیی داستانی" ئامانجەکەی خۆی پێکاوە لە تێکشکاندنی قەڵغانە نەریتییەکەی ئێران و ناچاری کردووە بێتە سەر مێزی دانوستان.
ڕۆبیۆ لە بەشێکی تری قسەکانیدا ڕوونی کردەوە، هیچ پەیامێکیان لە ئێرانەوە پێ نەگەیشتووە کە ڕەتی بکاتەوە گفتوگۆ لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی بکات، و بەشێک لە سەرکردەکانی ئێستەی ئێران بەهۆی داڕمانی دۆخی ئابوورییەوە ئارەزووی گەیشتن بە ڕێککەوتن دەکەن. دووپاتیشی کردەوە کە ئەگەر دانوستانەکان لەگەڵ ئێران شکستیان هێنا، ئەوا سەرۆکی ئەمەریکا بیر لە بژاردەی جیاواز دەکاتەوە.
لەلایەکی ترەوە ڕۆبیۆ دووپاتی کردەوە کە هێزی دەریایی ئێران لە بنی دەریادایە و ئیتر هێزی ئاسمانیی نەماوە، هەروەها توانا مووشەکییەکان و پیشەسازییە بەرگرییەکانی تێکشکێنراون، سەکۆکانی هەڵدانی مووشەکی ئێرانیش زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە کە بووەتە هۆی دابەزینی تواناکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو. لە کۆتاییدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە، دەیانەوێت گۆڕانکاری لە ئێراندا ببینن و گەل حوکمڕانیی وڵات بکات بۆ ئەوەی نەبێتە هەڕەشە بۆ ناوچەکە.