تەنگژەی كەمیی بەنزین جێ بە گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لەق دەكات

:: PM:07:32:03/06/2026 ‌

ماوەیەكە لە عێراق تەنگژەی كەمیی بەنزین سەری هەڵداوە و چەندان پارێزگا بەدەست كەمیی بەنزینەوە دەناڵنن، بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگەدار بەهۆی شكستهێنان لە لێدوانەكانی، بەتایبەتی پێوەست بە تەنگژەی كەمیی بەنزینەوە، ساحیب بەزوون گوتەبێژی وەزارەتەكە لە پۆستەكەی لادراوە و كەسێكی تر لە شوێنی ئەو دانراوە. 

بەپێی سەرچاوەكە وەزیری نەوتی عێراق بڕیارێكی دەركردووە بە لادانی بەزوون لە پۆستەكەی و دانانی كەسێكی تر لە شوێنی، بڕیارەكە هاوكاتە لەگەڵ بڕیارێكی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە رێكخستنەوەی نووسینگەی راگەیاندنی خۆی و وەزیرانی حكوومەتەكەی، هۆكارێكیتری لادانی بەپێی سەرچاوەكە لێدوانەكانی دوایی ئەوە سەبارەت بە تەنگژەی كەمی بەنزین و ئەو قەرەباڵغییەی لەبەردەم بەنزینخانەكان دروست بووە، كە توڕەیی و رەخنەی زۆری لە سۆشیال میدیا بەدوای خۆیدا هێنا، گوتبووی هیچ تەنگژەیەك نییە و ئەو قەرباڵغییەی هەیە بەهۆی زۆر بەكارهێنانی بەنزینە بەهۆی هاتوچۆی هاووڵاتییان لە پشووەكانی جەژن، جیا لە بەكارهێنانی ساردی ئۆتۆمبێل بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرماوە.

بەپێی سەرچاوەكە بڕیارە تەنگژەی كەمی بەنزین لە چەند رۆژی داهاتوو لە رێگەی هاوردەكردنی بەنزین لە ئیماراتەوە چارەسەر بكرێت، تا كاتی چارەسەركردنی كێشە تەكنیكییەكان لە پاڵاوگەكانی عێراق، كە ئێستە عێراق رۆژانە 29 ملیۆن لیتر بەنزین لە پاڵاوگەكانی بەرهەم دێنێت و پێویستیی رۆژانەی 33 ملیۆن لیترە، بۆیە چوار بۆ پێنج ملیۆن لیتر كورتهێنانی هەیە و پێشتر هاورەی دەكرد، بەڵام بەم دواییە گەیشتنی ئەو بڕە دوا كەوت و تەنگژە دروست بووە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل