سەرۆكی پارتی نەتەوەپەرستی توركیا "مەهەپە" هۆشداریی دەدات لە ململانێ ناوخۆییەكانی پارتی گەلی كۆماری "جەهەپە" و ڕای گەیاند، گواستنەوەی كێشەكانی ئەو حزبە بۆ سەر شەقام، زیان بە بەردەوامیی پرۆسەی چارەسەری دەگەیەنێت و هەوڵێكە بۆ بەلاڕێدابردنی.
دەوڵەت باخچەلی دووپاتی لەوە كردەوە كە پێویستە لەم قۆناغەدا سەرنجی ڕای گشتیی توركیا، تەنیا لەسەر ئەجێنداكانی چاكسازی و پرۆسەی چارەسەری بێت، نەك ململانێ ناوخۆییەكانی جەهەپە.
گوتیشی: "نابێت ئەو لێكترازانەی لەناو جەهەپەدا ڕووی داوە تەنیا وەك كێشەیەكی حزبیی سادە سەیر بكرێت، چونكە كێشەكانی ململانێی حزبی بۆ سەر شەقام، بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ كاریگەریی خراپ و مەترسیی رژدی لەسەر ئارامی توركیا دروست دەكات."
سەرۆكی مەهەپە داوای كرد كە ململانێكانی ناوخۆی جەهەپە لە چوارچێوەی یاسا و بنەما دیموكراسییەكاندا بمێننەوە و دوور نەكەونەوە.
پارتی گەلی كۆماری (CHP) گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا، ڕووبەڕووی گەورەترین لێكترازان و قەیرانی یاسایی دەبێتەوە لە مێژووی هاوچەرخی خۆیدا. دوای بڕیارێكی دادگەی پێداچوونەوە، كۆنگرەی ساڵی 2023ی ئەو پارتە بە "پووچەڵ" هەژمار كرا و كەمال كڵچدارئۆغڵو وەك سەرۆكی گشتی گەڕایەوە سەر كورسییەكەی.
هاوكات ڕەخنەی توندی لە ئۆزگور ئۆزەل سەرۆكی پێشووی جەهەپە گرت، تۆمەتباری كرد بەوەی قەیرانەكانی ناوخۆی حزبەكەی قووڵتر كردووەتەوە، هەڵسوكەوت و هەوڵەكانیشی وەك "هەرزەكارانە" پێناسە كرد.