ئاژانسی "فرانس پرێس"، لە بەرپرسێكی حزبوڵای لبنانی گواستەوە كە حزبەكە بە دەسەڵاتدارانی لبنانی راگەیاندووە كە رێككەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل رەت دەكاتەوە، ئەوە لەوكاتەی شاندەكانی دانوستانكاری لبنان و ئیسرائیل لە واشنتن ئاگربەستێكی مەرجداریان راگەیاند.
لە ماوەی دوو رۆژی رابردوو گەڕێكی نوێی دانوستانی نێوان حكوومەتی لبنان و ئیسرائیل لە واشنتن بەڕێوە چوو، ئەوان بە رێككەوتنێكی مەرجداری ئاگربەست لە نێوانیان گەیشتن، بەوەی هێرشەكانی حزبوڵا بە تەواوەتی بوەستێت و تەواوی ئەندامەكانی لە ناوچەی باشووری رووباری لیتانی پاشەكشەی پێ بكرێت، جیا لە دامەزراندنی چەند ناوچەیەكی تاقیكاری كە سوپای لبنان كۆنترۆڵیان بكات و تەواوی میلیشیاكانی لێ دوور بخرێتەوە، هەردوولا ئەوەیان لە بەیاننامەیەك راگەیاند.
دوای راگەیاندنی رێككەوتنەكەی
حكوومەتی لبنان و ئیسرائیل لە واشنتن، ئەمڕۆ پێنجشەم ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران رای گەیاند، داوای سەرەكی لە لبنان ئەوەیە، ئیسرائیل بۆ ئەو شوێنانە بكشێتەوە كە بەر لە شەڕی ئەمەریكا و ئێران تێیدا بوو، دووپاتی كردەوە كە پاڵپشتیكردنی مقاوەمە لە لبنان ئەركی هەموو موسوڵمانێكە.
لەوكاتەی جۆزێف عەون سەرۆكی لبنان دووپاتی كردەوە كە رێككەوتنەكە لە ماوەی 24 سەعاتی داهاتوو جێبەجێ دەكرێت و دوایین هەلە بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی گشتی بۆ ئاگربەست، قاسم نەعیم ئەمینداری گشتیی حزبوڵا رێككەوتنەكەی بە شەرمەزار لە قەڵەم دا و داوای لە حكوومەتی لبنان كرد ئەو سووكایەتییەی بە ناوی دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل دەكرێت بوەستێنن و رێككەوتننەكەی بە خۆرادەستكردن و دۆڕان وەسف كرد، دووپاتی كردەوە كە تا كاتی ئیسرائیل لەناو لبنان بێت ئەندامانی حزبوڵا لە باشووری لبنان پاشەكشە ناكات.