ئاژانسی وزەی ئەتۆم: شوێنەواری یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران ون بووە

:: PM:02:56:05/06/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی پێنجی حوزەیرانی 2026، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بە ونبوونی شوێنەواری یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران کرد بەهۆی بۆردمانەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە، ئەمەش نیگەرانییەکی گەورەی سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی و ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی ئەو چەکە دروست کردووە.

ئەم ڕاپۆرتەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، کە یەکەم ڕاپۆرتە لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە دوای هێرشەکانی کۆتایی مانگی شوباتی ڕابردووی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە، جارێکی تر داوا لە تاران دەکاتەوە کە چارەنووسی یەدەگەکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو ڕوون بکاتەوە. ئەو یەدەگانە لە دوای بۆردمانەکانی یەک ساڵ لەمەوبەری ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر پێگە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتە، بە ونبوو دادەنرێن.

لە ڕاپۆرتەکەدا کە ئاژانسی "ڕۆیتەرز" بڵاوی کردووەتەوە، ڕوون کراوەتەوە کە ئاژانسەکە نەیتوانیوە بگەڕێتەوە بۆ ئەو پێگە ئەتۆمییانەی کە لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا لەلایەن ئیسرائیل و ئەمەریکاوە بۆردمان کراون. هەروەها ئێران تا ئێستە ئاژانسەکەی لە چارەنووسی یەدەگەی یۆرانیۆمی کەم پیتێنراو و زۆر پیتێنراو ئاگادار نەکردووەتەوە، لە نێویاندا ئەو یۆرانیۆمەی کە تا ڕێژەی 60% پیتێنراوە، کە ئەمەش هەنگاوێکی کورتە بۆ گەیشتن بە ڕێژەی 90% کە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی پێویستە.

ڕاپۆرتەکە دووپاتی کردەوە کە ڕێگەنەدان بە ئاژانسەکە بۆ پشکنینی یۆرانیۆمی کەم پیتێنراو و زۆر پیتێنراو کە پێشتر ڕاگەیەنراوە بۆ ماوەی نزیکەی ساڵێک، کە ئەمەش بەپێی پێڕەوەکانی ڕێککەوتنی گەرەنتییەکان زۆر دواکەوتووە، نیگەرانییەکی گەورە لەسەر بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی و پێگیری نەکردن بە ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی دروست دەکات.

هاوکات ڕاپۆرتەکە هۆشداری داوە لەوەی کە لەدەستدانی سەرپەرشتی بەسەر ئەم کەرەستە ئەتۆمییانەدا بۆ ماوەی ساڵێکی تەواو، دەبێتە هۆی لەدەستدانی "بەردەوامیی زانیاری" لەسەریان، کە ئەمەش چاودێریکردن و بەدواداچوونیان قورس دەکات.

لە کۆتاییدا ڕاپۆرتەکە دووپاتی کردووەتەوە کە لەدەستدانی بەردەوامیی زانیاریی ئاژانسەکە لەسەر تەواوی ئەو کەرەستە ئەتۆمییانەی کە پێشتر لە دامەزراوە زیانپێکەوتووەکانی ئێراندا ڕاگەیەنرابوون، پێویستی بە چارەسەرکردنێکی زۆر خێرا و بەپەلە هەیە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو پێگانەی کە لە میانی هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە حوزەیرانی ڕابردوودا زیانیان بەرکەوتووە.


وشە - پۆڵا مەحموود