چەند سەرچاوەیەك بە كەناڵی عەرەبیەیان راگەیاندووە، ئەمەریكا رێگریی لە چەند كەشتیەكی نەوتی عێراق كردووە، بە گەرووی هورمز تێپەڕن، هۆكارەكەیش ئەوەیە ئەمەریكا عێراقی بەوە تۆمەتبار كردووە لە بەرانبەر تێپەڕبوونی ئەو كەشتیانە پارەی بە ئێران داوە.
ئەمڕۆ هەینی پێنجی حوزەیران چەند سەرچاوەیەك بە ماڵپەڕی كەناڵی
عەرەبیەیان راگەیاندووە، هێزەكانی ئەمەریكا لە كەنداو رێگرییان لە تێپەڕبوونی ئەو كەشتیانە كردووە كە نەوتی عێراقیان باركردووە و هۆكارەكەیش ئەوەیە ئەمەریكا عێراق بەوە تۆمەتبار دەكات پارەی بە ئێران داوە بۆ تێپەڕبوونی كەشتییەكانی، عێراقیش ئەو تۆمەتانە رەت دەكاتەوە.
هاوكات ئەمەریكا بە فەرمی رای گەیاند ئاراستەی 129 كەشتی بازرگانی لە گەرووی هورمز گۆڕیوە و شەش كەشتیشی پەكخستووە چونكە پابەندنەبوون بە رێنماییەكان و هەروەها رێگەی بە تێپەڕبوونی 36 كەشتی داوە كە هاوكاریی مرۆییان هەڵگرتووە. ئەمەریكا دووپاتیشی دەكاتەوە ئابڵۆقەی دەریایی سەر ئێران بەردەوامە.
پێشتر ئێران بە فەرمی رای گەیاند، لێخۆشبوونی بە عێراق داوە بۆ ئەوەی نەوت هەناردە بكات.