كەناڵێكی سعوودی: دوو كۆمپانیای ئێران بە دەیان ملیار دۆلاریان لە عێراق دەست كەوتووە

:: PM:07:22:05/06/2026 ‌
كەناڵی عەرەبیە ئاشكرای دەكات هەر دوو كۆمپانیای تاڤانیر و مەپنای ئێران لە رێگەی گرێبەستەكانیان لەگەڵ وەزارەتی كارەبا و نەوتی عێراق و بانكەكانی ئەو وڵاتە دەیان ملیار دۆلاریان دەست كەوتووە.

ئەمڕۆ هەینی پێنجی حوزەیران كەناڵی عەرەبیە لە چەند سەرچاوەیەكەوە ئاشكرای كردووە هەر دوو كۆمپانیای تاڤانیر و مەپنای ئێرانی ماوەی ساڵانێكە لە عێراق كار دەكەن و دەیان ملیار دۆلاریان لە عێراق دەست كەوتووە. 

بەگوێرەی زانیارییەكی ئەو كەناڵە سعوودیە هەر دوو كۆمپانیاكە بە سێ‌ ملیار دۆلار گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی كارەبای عێراق كردووە، گرێبەستەكانیان لە بواری وێستگەی كارەبا و كۆمپانیاكانی كۆكردنەوەی داهات بووە.

سەرەڕای ئەمەیش چەندان گرێبەستی تریان لەگەڵ وەزارەتی نەوت كردووە كە بە دەیان ملیار دۆلار دەبێت و گرنگترین گرێبەستیش لەگەڵ وەزارەتی نەوت بەكارخستنی پاڵاوگەی كەربەلایە. هەروەها ئەو دوو كۆمپانیایە لە رێگەی ئەو پێوەندییانە بە ژمارەیەك بانكی عێراقییەوە هەیانە، كۆمەڵێك گرێبەستیان بۆ دروستكردنی دامەزراوەكانی حكوومەتی عێراق بە دەست هێناوە. 

لە زانیارییەكانی كەناڵی عەرەبییە هاتووە جگە لەو گرێبەستانە هەندێك لایەنی سیاسی و كەسایەتی عێراق پارەیان بە كاش بە ئێران داوە بە تایبەتی لە جەنگی 12 رۆژەی حوزەیرانی 2025 و جەنگی 40 رۆژەی ئەمساڵ، بڕەكەیش زیاتر لە ملیارێك دۆلار بووە و بە رێگەی وشكانی بۆ ئێران گوێزراوەتەوە.

هەندێكیش لەو پارنە راستەوخۆ بە ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەق قودسی سوپای پاسدارانی ئێران دراوە، بە تایبەتی لە سەردانەكانی ئەم دواییەی كە بۆ عێراق بە شێوەیەكی رانەگەینراو ئەنجام دەدرا. تەنانەت كەناڵەكە باسی ئەوەیش دەكات بانكی عێراق بۆ بازرگانی زیاتر لە ملیار دۆلاری ئێرانی تێدا بلۆك كراوە، بە هۆی سزاكانی ئەمەریكاوە.

گرووپی كۆمپانیاكانی مەپنا " MAPNA Group"ناوی كۆمەڵە كۆمپانیایەكی ئێرانییە و ژمارەیان لەنێوان 30 تا 40 كۆمپانیا دەبێت و لە بواری نەوت و گاز و كارەبا و شەمەندەفەر كار دەكەن و راستەوخۆ پێوەندی بە دەسەڵاتی ئێرانەوە هەیە و بە شێوەیەكی تایبەت لە بارەگای خاتەم ئەنبیا نزیكە. خۆی و كۆمپانیاكانی ئەو گرووپە چەندان سزای ئەمەریكا و بەریتانیا و ئەوروپایان لەسەرە.

كۆمپانیای تاڤانیر " TAVANIR" ئەویش گرووپێكی ترە و راستەوخۆ سەربە وەزارەتی وزەی ئێرانە و كۆمەڵێك كاری لە عێراق هەیە بە تایبەتی لە كەرتی كارەبا. 

لە ماوەی خولی یەكەمی سەرۆكایەتی ترەمپ لە 2018 دوای ئەوەی ئەمەریكا لە رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران كشایەوە، دۆناڵد ترەمپ كۆمەڵێك سزای لەسەر كەرتی وزە و دارایی ئێران سەپاند. هەروەها بەگوێرەی سزاكانی ئەمەریكا نابێت هیچ وڵاتێك هاوكاری ئێران بێت بۆ ئەوەی دۆلاری دەست بكەوێت. كەچی لە ماوەی ئەو هەشت ساڵەدا زۆرترین تۆمەت لەلایەن ئەمەریكاوە ئاراستەی عێراق دەكرێت بەوەی بووەتە سەرچاوەیەكی گرنگ بۆ ئابووری و دارایی ئێران و بەدەستهێنانی دۆلار.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل