سەرۆكی لیژنەی داماڵینی چەك: پێویستیمان بە هێزی تەناهی دوور لە لاگیریی سیاسی هەیە

:: PM:05:20:06/06/2026 ‌

قەیس محەمەداوی سەرۆكی لیژنەی باڵای داماڵینی چەك و هێشتنەوەی بە دەستی دەوڵەت تیشك دەخاتە سەر پرۆسەكە و رای گەیاند كە ئەو دۆسیە یەكێكە لە خاڵە سەرەكییەكانی كارنامەی حكوومەت بە مەبەستی كۆتاهێنان لە وابەستەی سیاسی و ئاینیی گرووپە چەكدارەكان و بەستنەوەیان تەنیا لبە دامەزراوە تەناهییە فەرمییەكانی سەر بە دەوڵەت، دووپاتی كردەوە كە پێویستیمان بە هێزێكی تەناهی دوور لە لاگیریی سیاسییە.

روونی كردەوە، تا ئێسیتە سێ لایەن ئامادەییان بۆ داماڵینی چەك دەبڕیوە، سرییەكانی سەلام و عەسائیب ئەهلولحەق و كەتیبەكانی ئیمام عەلی، ئێستە پرۆسەكە تەنیا گرووپەكانی ناو حەشدی شەعبی دەگرێتەوە و هیچ پلانێك بۆ یەكخستنی هێزەكانی تری دەرەوەی حەشدی شەعبی نییە، هەندێك لە پێكهاتەكانی حەشد كە وابەستەی ئیدارییان بە حەشد هەیە و هاوكات سەر بە لایەنی سیاسی و ئاینین، ئەوانە رێك دەخرێنەوە و ئەو دوو ئیدارییەیان نامێنێت و راستەوخۆ سەر بە دامەزراوە فەرمییە تەناهییەكان دەبن.

محەمەداوی دووپاتی كردەوە، تەواوی چەكە قورس و سەروو ناوەندەكان، لەوانە تانك و تۆپ و مووشەك و درۆنەكان، رادەستی لیژنەیەكی ناوەندی دەكرێت كە نوێنەری وەزارەتی بەرگری و ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان و نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان لەخۆ دەگرێت، ئەو چەكانە لە جبەخانەی تایبەت هەڵدەگیرێن و دواتر بەپێی پێویستی دابەشی سەر سوپا و هێزە تەناهییەكان دەكرێت، پرۆسەكە پێویستی بە كاتە و هەر لایەنێكیش پابەندی بە رێوشوێنەكان رەت بكاتەوە رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە، لەوكاتەی دەستەی حەشدی شەعبی رێوشوێنی ئیداری بەرانبەر بەوانە وەردەگرێت كە رەتی دەكەنەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل