هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر لبنان و غەزە بەردەوامە

:: PM:05:55:06/06/2026 ‌

سەرەڕای ئەو ئاگربەستەی لە لبنان و كەرتی غەزە هەیە، بەڵام هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لبنان و كەرتی غەزە بەردەوامە، هاوكات سوپای ئیسرائیل لە باشووری رۆژئاوای خاكی سووریا پێشڕەوی دەكات. 

بەپێی میدیا عەرەبییەكان، ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو لە ئەنجامی چەند هێرشێكی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لبنان و كەرتی غەزە، ژمارەیەك كوژراو و برینداری لێ كەوتووەتەوە، ئاژانسی نیشتمانیی لبنان گوتی، سوپای ئیسرائیل زنجیرەیەك هێرشی ئاسمانی و بۆردمانی بۆ سەر چەند ناوچەیەك لە باشووری لبنان ئەنجام داوە و بەو هۆیەوە كوژراو و بریندار هەیە.

بەپێی ئاژانسەكە سوپای ئیسرائیل بە تۆپهاوێژ بەرزاییەكانی عەلی تاهیری لە شارۆكەی نەبەتییە كردووەتە ئامانج و زنحیرەیەك هنێرشی ئاسیمانی كردووەتە سەر چەند ناوچەیەكی باشووری لبنان، بەو هۆیەوە كەسێك كوژراوە، جیا لە كردنەئامانجی ناوچەكانی دێر و شەهابییە و سرێفا و مەعرەكە و میفدوون و شۆكین و جەناتا و حاریس و جویا.

لە كەرتی غەزە و بەپێی سەرچاوەكان لە هێرشێكی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر كەمپی ئاوارەكان لە گەڕەكی ریمال لە شاری غەزە، شەش كوژراو و 15 بریندار هەن، وەزارەتی تەندروستیی بزووتنەوەی حەماسیش دووپاتی كردەوە كە كۆی ئاماری كوژراوانی فەلەستینی لە 7ی تشرینی یەكەمی 2023ەوە گەیشتووەتە 71.661 كوژراو و 173.092 بریندار.

لە سووریا، بەیانی ئەمڕۆ شەموو هێزێكی سوپای ئیسرائیل دزەی كردووەتە ناو گوندی عشە لە دەشتی باشووری قنێترە و بازگەیەكی كاتی داناوە و خەڵكەكە و ژمارەیەك خانووی پشكنیوە و پاشەكشەی كردووە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل