زەیدی: دامەزراندنی هەمیشەیی پزیشكانی گرێبەست دەخرێتە بودجەی 2027

:: PM:06:33:06/06/2026 ‌

لەگەڵ وەرگرتنی كابینەی حكوومەتی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق متمانە لە پەرلەمان لە ناوەڕاستی مانگی رابردوو، ئەو لاپەڕەیەكی نوێی هەڵداوەتەوە و دەست بۆ چەند دۆسیەیەك دەبات كە پێشتر كێشەیان تێدا بووە، چەند رۆژێكە پزیشكانی گرێبەست ناڕەزایەتی دەردەبڕن و داوای دامەزراندنیان وەك هەمیشەیی دەكەن، ئەمڕۆ زەیدی بڕیاری دا بە زیادكردنی مووچەی گرێبەستییان و دامەزاندنیان وەك هەمیشەیی لە بودجەی 2027.

بەپێی بەیاننامەیەكی نووسینگەی راگەیاندنی، ئەمڕۆ عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشوازی لە نوێنەری پزیشكانی نیشتەجێی خوڵاوە كرد كە بە گرێبەست لە دامەزراوەكانی وەزارەتی تەندروستی كار دەكەن، ئەوەش بە ئامادەبوونی وەزیرانی دارایی و ئابووری و تەندروستی، گوێبیستی دۆخی ئەو پزیشكانە و داواكاری و پێشنیازەكانیان بوو.

لە دیدارەكە زەیدی ئاماژەی بۆ گرنگیی رۆڵی بەرزی مرۆیی ئەو پزیشكانە كرد، فەرمانی كرد بە پێداچوونەوە بە یاسا و رێنوێنییەكانی پێوەندیدار بە خزمەتی ئەوان و تاوتوێكردنی گونجاندنیان بەو شێوەی لەگەڵ سروشتی كارەكانیان دێت و چارەسەركردنی بەربەست و سەختییەكانی بەردەم كارەكانیان، ئەوەش بۆ ئەوەی بتوانن باشترین خزمەتگوزاری پێشكەش هاووڵاتییان بكەن. 

زەیدی فەرمانی كرد بە دانانی بڕگەیەك لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 بۆ دامەزراندنی هەمیشەیی ئەو پزیشكانەی ئێستە بە گرێبەست كار دەكەن، جیا لە گۆڕین و زیادكردنی مووچی گرێبەستی ئێستەیان و دابینكردنی پارەی پێویست بۆ مووچەكانیان بۆ ئەمساڵی دارایی.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل