ئەمڕۆ یەکشەم حەوتی حوزەیرانی 2026، محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڕەشەی دەست پێ کردنەوەی شەڕی لە دژی ئەمەریکا و ئیسرائیل کرد، لەسەر پاشخانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە لبنان، دووپاتیشی کردەوە کە ئەوان تەنیا لە "زمانی هێز" تێدەگەن.
قالیباف کە هاوکات سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئێرانە لەگەڵ واشنتن، گوتی، ئەمەریکا و ئیسرائیل پێگیری بە ئاگربەست ناکەن و بڕوایان بە گفتوگۆ نییە، لە ڕێی گەمارۆدان و پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکان لە لبنان، سەلماندیان کە تەنیا لە زمانی هێز تێدەگەن. زیاتر گوتی، گەمارۆی دەریایی و گڵۆپی سەوزی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل، وادەکات بنکە و سامانەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە ببنە ئامانجی ڕەوا، دەستی هێزە چەکدارەکانمان وەک هەمیشە کراوەیە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر لە ئەمڕۆدا، باشووری بەیرووت هەڵکشانێکی مەیدانیی بەرچاوی بەخۆوە بینی، دوای ئەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بە فەرمانی ڕاستەوخۆی بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیران و یسرائیل کاتس وەزیری بەرگری، هێرشێکی ئاسمانییان ئەنجام دا.
لەو چوارچێوەیەدا، ڕۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت"ی ئیسرائیلی ئاشکرای کرد کە تەلئەبیب پێشتر ئیدارەی ئەمەریکای لە نیازی بەئامانجگرتنی ناوچەی "مرێجە" لە باشووری بەیرووت ئاگادار کردووەتەوە، هاوکات ئاماژەی بەوەش داوە کە ئەو ژووری ئۆپەراسیۆنەی کراوەتە ئامانج لە کاتی بۆردمانەکەدا چۆڵ بووە.
لە ڕووی ستراتیجییەوە، بەرپرسانی ئیسرائیل پێیان وایە کە ئەم هێرشە بۆ سەپاندنی هاوکێشەیەکی نوێی بەرپەرچدانەوەیە لە دژی حزبوڵا، کە لەسەر بنەمای بەئامانجگرتن و سووتاندنی تەواوی خاکی لبنان دامەزراوە وەک کاردانەوەیەکی خێرا بۆ تەقاندنی هەر فیشەکێک بە ئاراستەی ئیسرائیل.
لە بەرانبەردا، ناوەندەکانی ئیسرائیل دەرگەی پرسیاریان کردەوە لەبارەى سروشتی وەڵامی چاوەڕوانکراوی ئێران، بەتایبەتی کە هێرشەکە پێشێلکردنی ئەو ڕاپۆرتانە بوو کە پێشتر باسیان لە ڤیتۆی واشنتن دەکرد بۆ بۆردمانکردنی باشووری بەیرووت، لەپێناو پاراستنی هێڵە کراوەکانی دانوستان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ تاران.
پێشتر دەزگای هەواڵگریی سوپای پاسدارانی ئێران بە هۆشدارییەکی توند پێشوازی لەم پێشهاتە کردبوو، دووپاتی کردبووەوە کە هەر گەمژەیی یان سەرکێشییەکی بێباکانە کە پێگەی حزبەکە لە بەیرووت بکاتە ئامانج، بە ئۆپەراسیۆنی بەرگریی یەکلاکەرەوە کە کردنەوەی بەرەی نوێ لەخۆ دەگرێت، وەڵام دەدرێتەوە.
ئەم پێشهاتە مەیدانییە ئەو هەڕەشە پێشووانەی نەتەنیاهۆی بۆ لێدانی بەیرووت هێنایەوە یاد، کە ڕاپۆرتە میدیاییەکانی ئەو کاتە ئاشکرایان کرد دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕاستەوخۆ دەستوەردانی کردووە بۆ ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی.